بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆ روونیدەكاتەوە
كات و بڕی بژاردنی سزای سەرپێچیی خێرایی دەگۆڕێت

بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ لە كۆتایی شوباتی ساڵی داهاتووەوە سزای سەرپێچیی خێرایی دەبێتە دوو هێندە لەئەگەری دواكەوتنی بژاردنی سزاكە و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی هەرێم وردەكارییەكەی رووندەكاتەوە.

دوای ئەوەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم بە بڕیاری ژمارە (25582) لە 10ی ئەیلول رایگەیاند، 20% لێخۆشبوون لە سزاکانی سەرپێچی هاتوچۆ بۆ ماوەی شەش مانگ (لە 2023/8/28 تا 2024/2/28) دەكرێت و دوای ئەو رێكەوتە سزاكە دەبێتە دوو هێندە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی هەرێم لە روونكردنەوەیەكدا رایگەیاند، بەپێی فەرمانەكە ئەو هاوڵاتیانەی قەرزی پێشووی سزاکانی هاتوچۆیان لەسەرە، لەگەڵ ئەوانەش کە لە ماوەی دیاریکراوی فەرمانەکەدا سەرپێچیی هاتوچۆ دەکەن و سزا دەدرێن، تەنها 80%ی بڕی سزاکە دەدەن.

دەشڵێت، لە دوای کۆتایی هاتنی ئەو ماوەیە، هەر کەسێک پێبژاردن لەماوەی (30) رۆژدا نەدات، ئەوا بەپێی بەشی (20) لە یاسای هاتوچۆ ژمارە (86)ی ساڵی 2004 مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی هەرێم روونیشیدەكاتەوە، واتا لە دوای تێپەڕبوونی ئەو شەش مانگە، بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان کار بە بڕگەی سێ لە بەشی (20) لە یاسای هاتوچۆ ژمارە (86)ی ساڵی 2004 دەکەن کە باس لەوە دەکات سزای سەرپێچی هاتوچۆ پێویستە لە ماوەی (30) لە ئەنجامدانی سەرپێچییەکە بدرێت، بە پێچەوانەوە سزاکە دەبێتە دوو بەرامبەر.

دووپاتیشیدەكاتەوە، هەر هاوڵاتییەك لە 2024/2/29ەوە هەر جۆرە سەرپێچییەکی هاتوچۆ بکات و سزای دارایی بدرێت، پێویستە لە ماوەی یەک مانگ بڕی ئەو سزایە لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی تایبەتمەند پاکتاوبکات، ئەگەر لە (30) رۆژ زیاتر بەسەر سەرپێچیەکەدا تێپەڕبێت، بڕی سەرپێچییەکە دەبێتە دوو بەرامبەر.

بەپێی بەڕێوەبەرایەتییەكە “ئامانجی سزای سەرپێچی بۆ رێگریکردنە لە ئەنجامدانی سەرپێچی نەک بۆ سزادانی خەڵک. کاتێک شۆفێر تا مۆڵەتەکەی نوێ دەکاتەوە یان ئۆتۆمبێلەکەی دەفرۆشێت، سزاکانی پاکتاو ناکات، سزاکەی کاریگەری نابێت و نابێتە رێگر لە دووبارەنەبوونەوە. بۆیە چەندین شوفێر کەوتونەتە ژێر قەرزی گەورەی سزاکانی هاتوچۆ و بە ئاسانی ناتوانن پاکتاوی بکەن”.

بابەتی پێشتر

عەلی حەمەساڵح: داهاتی پێویست بۆ دابەشكردنی مووچە لەبەردەستدایە

بابەتی دواتر

دوایین زانیاری لەبارەی ئامادەكارییەكان بۆ كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی ئاشكراكرا

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

شارەوانیی سلێمانی: چەند پڕۆژەیەكی خزمەتگوزاری دەخرێنە بواری جێبەجێكردنەوە

سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، بەمزووانە چەند پڕۆژەیەكی خزمەتگوزاری دەخرێنە بواری جێبەجێكردنەوە. بەپێی ڕاگەیەندراوێكی سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی كە وێنەیەكی…
Total
0
Share