ژمارەیەك كەسایەتیی ئێزدی لە ڕوونكردنەوەیەكدا هێرش دەكەنە سەر پارتی

لە ڕاگەیەندراوێكدا كە بەناوی ژمارەیەك لە كەسایەتیی ڕۆشنبیر و چالاكوان و كەسایەتی ئاینیی ئێزدییەكان بڵاوكراوەتەوە، ئاماژە بەوەكراوە “بابە شێخی نوێی ئێزدییەكان دوور لە خواست و ئیرادەی ئێزدییەكان و نەریتە ئاینییەكان و لەلایەن پارتییەوە دانراوە”.

ئەمڕۆ یەكشەممە 22ی تشرینی دووەم، لە ڕاگەیەندراوێكدا كە بەناوی ژمارەیەك لە كەسایەتیی ڕۆشنبیر و چالاكوان و كەسایەتیی ئاینیی ئێزدییەكان لە هەرێم و عیراق و جیهان بڵاوكراوتەوە، ئاماژە بەوەكراوە، “وەك دەزانن سەماحەتی بابە شێخ (خرتۆ حەجی ئیسماعیل) سەرۆكی ئەنجومەنی ڕۆحانیی ئێزدییەكان بەر لە دوو مانگ كۆچی دوایی كرد، بەپێی نەریتە ئاینییەكانی ئێزدییەكان، پێویستە بابە شێخی نوێ لەماوەیەكی كەمدا دیاری بكرێت، ئەویش بەپێی ڕێوشوێنە زانراو و ڕوونەكانی ئێزدییەكان و كەسانی پەیوەندیدار بە كاروباری ئێزدییەكان”.

ئەوەش خراوەتەڕوو، “بەداخەوە، بابە شێخی نوێ دوور لە خواست و ئیرادەی ئێزدییەكان و نەریتە ئاینییەكان و لە كۆبوونەوەیەكی داخراوی نایاسایی دیاریكرا و ڕێگە بە بەشداریكردنی ئێزدییەكان تیایدا نەدرا، تەنها كاندیدی داواكراو و ژمارەیەك لە ئێزدییەكانی لایەنگری پارتی بەشداری كۆبوونەوەكە بوون، دوور لە هەموو نەریتێك بابە شێخی نوێ لەدەرەوەی خواستی ئێزدییەكانی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات دیاریكرا، تەنانەت شێوازی هەڵبژاردن و ڕێوشوێنی دیاریكردنی بابە شێخی نوێش بۆیان ڕوون نەبووە، كە ئەمەش جێگەی قبوڵكردن نییە لەلایەن ئێزدییەكانەوە”.

لەو ڕاگەیەندراوەدا ئەوەش باسكراوە، “خودی حازم تەحسین بەگ، دوور لە خواستی ئێزدییەكان كراوەتە میر، بە مەرامی پارتی دیموكراتی كوردستان، لای هەمووانیش ڕوون و ئاشكرایە كە كەسایەتییەكی شكستخواردووە بۆ بەڕێوبردنی پۆستی میری ئێزدییان، ئیتر چۆن مافی ئەوەی هەیە كە وەك سەرۆكی ئەنجومەنی ڕۆحانی ئێزدییەكان دیاری بكرێت بێ ڕێزگرتن لە خواستی زۆرینەی ئێزدییەكان”.

“لەكاتێكدا دژایەتیی خۆمان بۆ ئەم پرۆسە نایاسایی و گوماناوییە دووپاتدەكەینەوە، دڵنیاین لەوەی ئەم بڕیارە بەخواستی ئێزدییەكان نییە، هەروەها ئێزدییەكان ڕێگە بە پارتی یان هەر حزبێكی تر نادەن، كە چارەنووسی ئاینی و سیاسییان دیاری بكات و ببنە قوربانی قۆرخی سیاسی و داهاتوویان بسپێرن بە قەدەر و مامەڵەكردن بە چارەنووسمان، كە لە ناخۆشی و نەهامەتییەكانیشدا بمانفرۆشن و وازمان لێ بهێنن”، وەك لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئاماژەی پێكراوە.

ئەوەش ڕاگەیەندراوە، “خوشك و برایانی ئازیز لەكاتێكدا چاوەڕوانی هەڵوێستێكی نوێ لە سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەین لەبەرامبەر دەستوەردانی لە كاروباری ناوخۆ و ڕێزنەگرتن لە پیرۆزییەكانی ئێزدییەكان، دروستكردنی دووبەرەكی و تێوەگلانی ماڵی ئێزدییەكان لە دووبەرەكی بە پلانی پارتی، خەڵكی بێتاوانی شەنگال دەفرۆشرێن، بەجێگەی داوای لێبوردن و هەڵگرتن بەرپرسیاریەتیی سەرشانیان، وتەبێژی ڕەسمی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕوونكردنەوەیەك دەدات كە چەند وشەیەكی ڕێكخراون، بۆ بەیاساییكردنی ئەو كارە نابەجێیە”.

ئەو ژمارەیە لە كەسایەتییەكانی ئێزدییەكان ئەوەشیان باس كردووە، “وەك پێشتر ئاماژەمان پێكرد، پارتی و دامەزراوە هەواڵگرییەكەی و لەساتی كۆچی دوایی میر تەحسین و بابەشێخ، سەرۆكی ئەنجومەنی ڕۆحانی ئێزدییەكان، بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ دەستوەردان لە كاروباری ئاینیی ئێزدییەكان و تەواوی نەریتە ئاینییەكانی دەكەن و پشتگوێیان دەخەن، پۆستی میر و بابەشێخیان بە مەرامی تایبەت و بۆگەنی خۆیان پڕدەكەنەوە، هەروەها بەپێچەوانەی تەواوی ئاماژەكانی وتەبێژی ڕەسمی پارتی، چونكە ڕێزگرتن لە ماف و ئازادیی ئێزدییەكان بەمجۆرە، تەواوی بەها و بنەماكان دەبەزێندرێن و دووبەرەكی و فیتنە لە ماڵەكەیاندا بڵاودەكرێنەوە”.

لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئەوەش وتراوە، “لەكاتێكدا چاوەڕێی ڕۆڵێكی ئیجابی و هەڵوێستێكی مرۆییمان لە پارت دەكرد، لەبەرامبەر نەهامەتییەكان شەنگال و ئێزدییەكان، بەڵام بەداخەوە قۆرخكردنی ئاینی ئێزدییەكان و دۆزە ڕەواكەیان بۆ پرۆژەی حزبیی بەرتەسك بەردەوامە، كە ئەوەش بەپێی پیلان و بەرنامەیەكی ئامادەكراوی پێشوەختە، هەروەها بەمەبەستی سڕینەوەی ناسنامەی ڕەسەنی ئاینیمانە، پێدەچێت وتەبێژی ڕەسمی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاگاداری ئەو پیلان و پرۆژە نهێنییە هەواڵگرییە نەبێت”.

لە بەشێكی دیكەی ڕاگەیەندراوەكە ئاماژە بەوەشكراوە، “یەكخستنەوەی ڕیزەكانمان كاتی هاتووە و بەرپرسیاریەتییەكی ئاینی و مێژووی و مرۆییە لەسەر شانمان، تەنها بەیەكخستنی ڕیزەكانمان دەتوانین بەرەنگاری تەواوی ئاڵەنگارییەكانی قۆناغی داهاتوو ببینەوە و بەرگری لە مافە ڕەواكانمان بكەین و دووبارە تەبایی و ئاشتی بونیاد بنێینەوە، ڕۆحی پێكەوە ژیان قوڵبكەینەوە لەنێوان تەواوی پێكهاتە ڕەسەنەكانی وڵاتەكەمان، هەروەها بە ڕێگەی شارستانیی یاسایی تەواوی هەوڵ و كۆششمان دەخەینەگەڕ بۆ بەرگریكردن لە ناسنامە و دۆزە ڕەواكەمان”.

بابەتی پێشتر

کرێى خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگا تایبەتەکانی هەرێم كەمكرایەوە

بابەتی دواتر

پۆلیسێكی بەلجیكی لەسەر كوشتنی منداڵێكی كورد دادگایی دەكرێت

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

نرخی مریشك دابەزی

بەڕێوەبەری چاودێری و بازرگانیی سلێمانی رایدەگەیەنێت، نرخی مریشك بە بەراورد بە پێشتر دابەزینی بەخۆوە بینیوە و یەك كیلۆ…
Total
0
Share