وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد، هەرێمی کوردستان لەو ناوچانەیە کە بەکتریای کۆلێرا تێیدا ئەگەری بڵاوبوونەوەی هەیە، ئێستا لە سلێمانی، هەولێر و گەرمیان هەیە و پێشبینی دەکەن لە ناوچەکانی دیکەش بڵاوببێتەوە.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا دکتۆر سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئێستا لە سلێمانی ژمارەیەکی زۆر تووشبووی کۆلێرا هەن، لە هەولێر 10 حاڵەت تۆمارکراوە و لە گەرمیانیش ژمارەیەک حاڵەت هەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم نەخۆشییە درمییە، کاتێکیش لە سلێمانی بڵاودەبێتەوە، ئەگەری ئەوە هەیە لە دهۆک و زاخۆ و سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان تووشبوون بە کۆلێرا دەستنیشانبکرێت.
وتیشی، تا ئێستا 117 حاڵەتی پشتڕاستکراوەی کۆلێرا تۆمارکراوە، بەڵام بە دڵنیایی ژمارە راستەقینەکە زیاترە.
پێشتر دکتۆر سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی رایگەیاند، حاڵەتەکانی کۆلێرا لە سلێمانی بەردەوام روو لە بەرزبوونەوە دەکەن، داوای لە هاوڵاتییان کرد، “دووربکەونەوە لە بەکارهێنانی ئاو کە لە سەرچاوەکەی دڵنیا نین و تەنها ئەو ئاوەی بەڕێوەبەرایەتیی ئاو لە سلێمانی دابینی کردووە و ئاوی کانزایی بەکاربهێنن”.