تەندروستیی جیهانی هۆكارێكی نوێی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا ئاشكرادەكات

لە وڵاتانی تازە گەشەسەندودا ئاوی خواردنەوە لە نیوەی بنكەكانی تەندروستیدا نییە

ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی ڕایدەگەیەنێت، یەك لەسەر چواری سەنتەرەكانی چاودێریی تەندروستی لە جیهاندا بەدەست كەمی ئاو دەناڵێنن، ئەمەش 1.8 ملیار كەس دەخاتە بەردەم مەترسی توشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا.

ڕێكخراوەكە ئەمڕۆ دووشەممە 14ی كانونی یەكەم لە لێكۆڵینەوەیەكدا كە بە هاوبەشی ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ منداڵان (یونسێف) ئامادەیكردووە و پشتی بە زانیارییەكان لە 165 وڵاتی جیهان بەستووە دەڵێت، كەمی ئەو خزمەتگوزارییە سەرەكییە لە بنكە تەندروستییەكاندا نەخۆش و كارمەندان دەخاتە بەردەم مەترسی بەركەوتنی پەتاكە.

تیدرۆس ئەدهانۆم گیبریسۆس، سەرۆكی ڕێكخراوی تەندروستی وتی، كاركردن لە ناوەندێكی چاودێریی تەندروستی بەبێ ئاو و ئاوەڕۆی گونجاو و پاككردنەوە هاوشێوەی ناردنی پزیشك و كارمەندانی تەندروستییە بۆ كاركردن بەبێ هۆكاری پاراستنی كەسی.

دوپاتیشیكردەوە، ئەو سەرچاوانە هۆكارن بۆ وەستاندنی بڵاوبوونەوەی كۆڤید-19، بەڵام تائێستا ئاستەنگی گەورە هەن كە پێویستە تێپەڕێندرێت، بەتایبەت لە وڵاتە تازە گەشەسەندووەكاندا.

لەكاتێكدا كارمەندانی بواری تەندروستی ژمارەیان ناگاتە 3%ی دانیشتووانی جیهان، بەڵام 14%ی توشبووان بە كۆرۆنا پێكدەهێنن، بەپێی ئامارەكانی ڕێكخراوی تەندروستی.

هنرییتا فۆڕ، بەڕێوبەری جێبەجێكاری یونسێف وتی، ناردنی كارمەندانی بواری چاودێری تەندروستی و نەخۆش بۆ دامەزراوەیەك كە ئاوی پاك و ئاودەستی پاك یان سابونی لێنەبێت ژیانیان دەخاتە مەترسییەوە.

بەپێی بەشێكی دیكەی توێژینەوەكە یەك لەسەر سێی ئاودەستەكانی جیهان سەرچاوەی پاككردنەوەی دەستەكانی تیادا دابیننەكراوە، لەكاتێكدا یەكێك لە كۆی 10 ئاودەستی جیهان سیستمێكی گونجاوی ئاوەڕۆی نییە.

سەبارەت بە 47 وڵاتە كەمتر گەشەسەندووەكەی جیهان، ژمارەكان ئاماژە بە خراپی زیاتر دەكەن، بەجۆرێك ئاوی خواردنەوە لە نیوەی بنكەكانی تەندروستیدا نییە، لە چارەكێكیشیاندا ئاو بۆ پاككردنەوە كەمە، سێ لە كۆی پێنج دانەشیان ئاوەڕۆیان نییە.

ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی و یونسێف گەیشتونەتە ئەو ئەنجامەی فەراهەمكردنی خزمەتگوزاری سەرەكی ئاو لە بنكەكانی تەندروستیدا تێچووەكەی یەك دۆلارە بۆ هەر كەسێك و، ساڵانەش 20 سەنتی دەوێت بەمەبەستی چاككردنەوە.

بابەتی پێشتر

دوای سەردەمی مێسی و کریستیانۆ، کێ دەبێتە جێگرەوە؟

بابەتی دواتر

هەپەگە ڕاگەیاندراوێکی سەبارەت بە شەڕەكەی شەوی ڕابردوو بڵاوكردەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share