قاوە و شكۆلاتە و شەراب.. شارەزایەك كاریگەرییان لەسەر دڵ ڕووندەكاتەوە

شكۆلاتەی ڕەش بۆ دڵ سودبەخشە

هەموو ساڵێك، زیاتر لە سێ هەزار توێژینەوەی زانستی لەسەر دڵی مرۆڤ بە بەردەمی تیمی دكتۆر تۆماس لۆشەر-دا تێدەپەڕن، ژمارەیەكی كەمیان لێهەڵدەبژێرن بۆ بڵاوكردنەوەیان لە گۆڤارێكی ئەوروپیی تایبەت بە دڵ، كە بە یەكێك لە گرنگترین بڵاوكراوە زانستییەكانی ئەم بوارە وردە دادەنرێت.

دوای ئەوەی بەمدواییە لۆشەر پۆستەكەی بەجێهێشت، وتارێكی لەبارەی ئەو پرسیارەوە نووسی كە مایەی سەرنجی زۆر كەسە، ئەویش بریتییە لەوەی كاریگەریی شكۆلاتە، قاوە و شەراب لەسەر دڵ چییە؟ لە وەڵامیشدا دەڵێت، پرسەكە زۆر دژوارترە لە وەڵامە سادەكەی وەك “سوودبەخشە” و “زیانبەخشە”.

زانا شارەزاكە كە بەدرێژایی ژیانی بەشداری لە نووسینی زیاتر لە 500 توێژینەوەی زانستیدا كردووە دەڵێت، چەندین هۆكاری جۆراوجۆر هەن، لەوانەش بڕ و جۆر، كاریگەرییەكە دەگۆڕن، زانایانیش نەگەیشتوونەتە زۆرێك لە وەڵامی ئەو پرسیارانەی دەربارەی ئەو خۆراك و خواردنەوانە دەكرێن.

بەپێی ڕۆژنامەی گاردیان، لۆشەر دەربارەی شكۆلاتەی سپی پێیوایە بەهیچ جۆرێك تەندروست نییە، شكۆلاتە كاتێك سوودبەخش دەبێت ئەگەر ڕەش و تاڵ بێت، بێ شەكر و ڕۆن، بەڵام زانست نەگەیشتووەتە ئەوەی ئایا بڕی پێویست و تەندروستی خواردنی چەندە.

لۆشەر ئاماژەی بەوەشكردووە، شكۆلاتە لە ڕابردوودا خواردنێكی دەگمەن بووە، بەڵام لە سەردەمی ئێستادا بە تەواوی بەردەستە و ڕۆڵی گەورەی هەیە لە بڵاوبوونەوەی قەڵەویدا.

سەبارەت بە قاوەش، لۆشەر دەڵێت، چەندێك بەكاربهێنرێت، ئەوەندە كاریگەرییەكەی كەمدەبێتەوە، بەڵام خواردنەوەی چوار كوپی ڕۆژانە، بەشداردەبێت لە باشكردنی تەندروستیی دڵ. هیچ شتێكیش نییە بوونی سوودی شەراب لە باشكردنی تەندروستیی دڵ بسەلمێنێت، لە باشترین حاڵەتدا كاریگەرییەكەی “یەكلانەكراوە” دەمێنێتەوە.

لۆشەر ئەوەش دەڵێت، وەك خۆی هەفتانە زیاتر لە دوو پێك شەراب زیاتر ناخواتەوە، لەگەڵ كوپ یان دوو كوپ قاوەی ڕۆژانە.

هاوكات تیم شیكۆ، پزیشكی سووڕی خوێن و ڕاوێژكار لە زانكۆی شیفێڵدی بەریتانی هاوڕایە لەگەڵ لۆشەر بەوەی بەڵگە هەیە لەسەر سوودی شكۆلاتە و قاوە، بەڵام هیچ بەڵگەیەك نییە لەسەر سوودی خواردنە كهولییەكان بۆ دڵ.

تراسی بیكەر، شارەزای خۆراك لە دامەزراوەی بەریتانی بۆ دڵ دەڵێت، نەخۆشەكانی دڵ پێیانوایە شكۆلاتە و قاوە زیانبەخشن بۆیان، هەست بە ئارامیی زۆر دەكەن كاتێك كە دەزانن ئەوە ڕاست نییە. بیكەر ئاماژە بە وتارەكەی لۆشەر دەدات و بە هاوسەنگ ناویدەبات.

دووپاتیشیكردەوە كە گرنگتر بۆ تەندروستیی دڵ و تەندروستیی گشتیی جەستە، ژیانێكی تەندروست، واتە خواردنی میوە و سەوزە و دانەوێڵە و دووركەوتنەوە لە خواردنە پڕ خوێ و چەورییەكان و ئەنجامدانی وەرزش و ڕاهێنان بە بەردەوامی و دووركەوتنەوە لە جگەرە و نێرگەلەكێشان.

بابەتی پێشتر

هەولێر.. گەنجێک لەسەر 25 هەزار دینار کوژرا

بابەتی دواتر

تەنها تاوانبارە سەرەكییەكە سزا درا<br>هیچ تۆمەتبارێكی كۆمەڵكوژكردنی خانەوادە كوردەكەی كۆنیا لە زیندان نەما

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share