ئەنجومەنی باڵای فەتوای هەرێم رایدەگەیەنێت، هەر مامەڵەیەك لە نێوان كۆمپانیا و پزیشك تاقیگە و پزیشك لەسەر حسابی نەخۆش حەرامە و دروست نییە و هەر كارێكی بازرگانیش لە دەرەوەی كاری پیرۆزی پزیشكی ئەنجامبدرێت، بە باشی دەزانین پزیشكەكان خۆیانی لێ بە دووربگرن”.
بەپێی راگەیەندراوێكی ئەنجومەنی باڵای فەتوای هەرێمی كوردستان كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، دوای ئەوەی كۆمەڵێك پزیشك چەند پرسیارێكیان ئاڕاستەی ئەنجومەنی باڵای فەتوا كرد سەبارەت بە حوكمی هەندێك لەو ڕیككەوتن و هەماهەنگییە بازرگانییانەی لە ئێستادا لەنێوان كۆمپانیاكانی دەرمان و پزیشكەكان روودەدات، یان هاوبەشیی پزیشكەكان لە نێوان خۆیاندا بەپێی بینینی نەخۆش، یان ڕێككەوتنی خاوەن باڵەخانەكان و پزیشكە ناودارەكان لەسەرئەوەی تەنها پزیشكەكە بێتە ناو باڵەخانەكەوە و خاوەن باڵەخانەكە كرێی لێ نەسێنێت، كۆمەڵێك تێچووی بخاتە ئەستۆی خۆی و بیكاتە هاوبەش لە دەرمانخانە و ئەو تاقیگەش كە لەناو باڵەخانەكەدا دایدەنێت بە مەرجێك دەرمانەكانی دەرمانخانەكەی بۆ ساغبكاتەوە و ڕێنمایی نەخۆشەكانی بكات بۆ تاقیگەكەی”.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، سەبارەت بە رێككەوتن یان گرێبەستی نێوان كۆمپانیاكانی دەرمان، چ بەوەی ببنەوە بریكاری كۆمپانیاكانی دەرمان، یان ببن بە هاوبەش لە دەرمانخانە و تاقیگەكان بەو مەرجە چەند جۆرێكی دیاریكراوی دەرمانیان بۆ ساغبكەنەوە، بەوەی ئەو جۆرە دەرمانانە بۆ نەخۆشەكانیان بنووسن، یان لەڕیگەی هاوپیشە و هاوتایبەتمەندیەكانیان ساغیبكەنەوە، یان خاوەن باڵەخانەیەك پیشنیازیان بۆ بكات كە بەبێ كرێ لە باڵەخانەكەیدا نۆرینگەكەیان دابنێت و تێچووی سكرتێر و ئاو و كارەبا هەمووی لەسەر خاوەن باڵەخانەكە بێت، پشكی هەبێت لە قازانجی دەرمانخانە و تاقیگەی باڵەخانەكە، یان پەیوەندی نەبێت بە دەرمانخانەكەوە بەس دەرمانەكان ساغبكاتەوە و نەخۆشەكان بنێرێت بۆ تاقیگەكە، ئەمانە هەمووی دروست نین مەگەر لە چەند مەرجێكدا نەبێت”.
ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، سەبارەت بە مەرجەكانیش ئەنجومەنی باڵای فەتوا ئاشكرایكردووە، “ئەو دەرمانانەی پزیشكەكان بۆ نەخۆشەكان دەینووسن بە شێوەیەكی فیعلی پێویست بن بۆ ئەو نەخۆشە، ئەو قازانجەی پزیشكەكە لەو وەكالەتە یان هاوبەشە و مامەڵەیە دەستی دەكەوێت لەسەر حیابی نەخۆشەكان نەبێت، واتە نرخی دەرمانەكە بەهۆیەوە گرانتر نەكرێت لەسەر نەخۆشەكە، ئەو جۆرە دەرمانانە لە دەرەوەی ئەو باڵەخانەیەش هەر بەهەمان نرخ یان هەرزانتر بێت، ئەم رێككەوتنەیان نەبێتە بارگرانی لەسەر نەخۆشەكان، هەركاتیش دەرمانێكی كوالێتی باشتر هەبوو یان هەرزانتر هەبوو لە بازاڕدا بە هەمان كوالێتی پێویستە پزیشكەكە ئەو دەرمانە هەرزانە یان باشترە بنووسێت بۆ نەخۆشەكە، گوێ بەو رێككەوتنە نەدات”.
سەبارەت بە رێككەوتنی كۆمەڵێك پزیشك لەسەر بەكرێگرتنی باڵەخانەیەك و دانانی نۆرینگەكانیان لەوێ و هەموو پێداویستییەكانی نەخۆش وەك تاقیگە و دەرمانخانە دابنێن و قازانجیان بەپێی ژمارەی نەخۆشەكانیان و بینینیان دابەشبكەن، ئەنجومەنی باڵای فەتوای هەرێم دەڵێت، “ئەوە كارێكی نادروستە و پێویستە هەموویان بەپێی رێژەی ئەو پشك و پارەیەی كە خستوویانەتە ناو ئەو پڕۆژە هاوبەشییەوە قازانجەكانیان دابەشبكەن، ئەمە یاسایەكی بڕاوەیە لە شەریعەتدا لە هەمو جۆرەكانی هاوبەشێتیدا”.
هەر لە راگەیەندراوەكەی ئەنجومەنی باڵای فەتوای هەرێمدا هاتووە، هەر مامەڵەیەك لە نێوان كۆمپانیا و پزیشكدا، یان لە نێوان تاقیگە و پزیشكدا، یان لە نێوان دەرمانخانەكان و پزیشكدا، لەسەر حسابی نەخۆش ئەنجامبدرێت حەرامە و دروست نییە، ساغكردنەوەی دەرمانی ناپێویست، یان نەشتەرگەری و پشكنین و و ئەشیعەی ناپێویست، غەش و فیڵكردنە لە پیشەی پیرۆزی پزیشكی”.