وەزارەتی تەندروستی: 117 حاڵەتی کۆلێرا لە سلێمانی پشتڕاست کراونەتەوە

شاندێکی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە بۆ بەدواداچوونی حاڵەتەکانی کۆلێرا و سکچوون و رشانەوە، سەردانی شاری سلێمانی کرد.

لەبارەی سەردانەکەوە دکتۆر سامان فەوزی وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی بە ناوچەیەکی هەڵگری بەکتریای پەتای کۆلێرا دادەنرێت، کە بەداخەوە بەهۆی هۆکاری دیکەوە بڵاودەبێتەوە و دەرەنجامەکەی تووشبوونە بەو نەخۆشییە.

وتیشی، کۆلێرا دەرەنجامە نەک خۆی هۆکار بێت، هۆکارەکەی ژێرخانی ئاوەڕۆکان و سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە و خۆراکە کە پیسبوونیان دەبێتە هۆی تووشبوون و بڵاوبوونەوەی کۆلێرا.

ئەوەشی راگەیاند کە 117 حاڵەتی کۆلێرا لە سلێمانی هەن و تاقیگەکانی سلێمانی و هەولێر بە هەماهەنگی لەگەڵ بەغداد پشتڕاستیان کردووەتەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا وەزیری تەندروستی جەختیکردەوە کە ژمارەکە زۆر لەو حاڵەتە دەستنیشانکراوانە زیاترن چونکە بەپێی ستانداردی جیهانی تەنها %20 – 30ی حاڵەتەکانی سکچوون و رشانەوە دەنێردرێنە تاقیگە بۆ دەستنیشانکردنی کۆلێرا.

باسی لەوە کرد کە سلێمانی نزیکەی %20ی سەرچاوەی ئاوی ماڵانی فەرمیی نییە و بەشێکیشیان بە تانکەر و شەمعەکان ئاویان پێدەگات کە بەشێکیان فەرمی نین بۆیە نەخۆشییەکە بڵاودەبێتەوە.

وتی، نووسراو ئاراستەی وەزارەتەکانی سەرچاوەکانی ئاو، کشتوکاڵ و شارەوانی، هەروەها ئەنجومەنی وەزیران دەکەن بۆ چارەسەرکردنی سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە کە هۆکارە بۆ بڵاوبوونەوەی کۆلێرا لە سلێمانی.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

وەزیری تەندروستی: نەختینە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی دەرمان لە سلێمانی دابیندەکرێت

وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، وەزارەتی دارایی بەڵێنی دابینکردنی نەختینەی داوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی دەرمان لە سلێمانی. سەبارەت…
Total
0
Share