دوای تەقینەوەكەی ئێوارەی دوێنێی شەقامی شەست مەتریی هەولێر هێزە ئەمنییەكان هێرش دەكەنەسەر تیمی شارپرێس و كەرەستەی رۆژنامەوانییان لێدەستێنن.
شارپرێس لە زاری هەژار ئەنوەر-ی پەیامنێریەوە لە هەولێر دەڵێت، وەك هەر رۆژنامەوانێكی دیكە چووەتە شوێنی رووداوەكە بۆ رووماڵ، سەرەتا هێزە ئەمنییەكان رێگرییان دەكرد لە رووماڵ و هەستیشیكردووە چاودێری دەكرێت.
وتیشی، “كاتێك رێگای رووماڵیان كردەوە، دوو ئەفسەر و سێ كارمەندی ئاسایش هاتن بەرەو رووم، داوایانلێكردم خۆم بناسێنم، خۆم ناساند و گوتیان دەبێت كەرەستەی رۆژنامەوانی و پاسۆردی مۆبایلمان بدەیتێ، منیش گوتم مۆبایل كەسییە و دێم بۆ دائیرە بۆ لاتان، بەڵام دواتر كەرەستە رۆژنامەوانییەكانیان لێسەندم و گوتیان وەرە بۆ ئاسایش وەریانبگرنەوە”.
ئەو پەیامنێرە باس لەوەشدەكات، كاتێك چووتە ئاسایش، لەوێ دوای هەوڵێكی زۆر و پڕكردنەوەی بەڵێننامە، كەرەستە رۆژنامەوانیەكانیان داوەتەوە و “سوكایەتی”شیان پێكردووە.
لە 23ی ئاب-یش دیار حسێن، پەیامنێری تۆڕی میدیایی ئێستا و یاسر محەمەد، پەیامنێری دەزگای میدیایی وڵات لەکاتی رووماڵکردنی گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیی ژمارەیەک لە هاوڵاتییانی هەولێر لەلایەن هێزێکی زێرەڤانی و پۆلیسەوە دەستگیرکران و دەستیش بەسەر کەلوپەلە رۆژنامەوانییەکانیاندا گیرا.
لەسەر ئەو رووداوەش لیژنەی پاڵپشتی رۆژنامەنووسان راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا “بە توندی ئیدانەی رێوشوێنی سەركوتكارانە و ئەو پێشێلكارییانە دەكات كە دژ بە ئازادیی رۆژنامەوانی و مافەكانی رۆژنامەنووسان لە هەرێمی كوردستانی عێراق دەگیرێتەبەر”.
دووپاتیشیدەكاتەوە، ئەو رێوشوێنانە كۆتوبەندی ئازادیی رۆژنامەوانییە و پێشێلكارییەكی ئاشكرای مافەكانی مرۆڤ و پەكخستنی رۆڵی رۆژنامەنووسانە لە گواستنەوەی راستییەكان و بڵاوكردنەوەی هۆشیاری لەسەر بابەتەكانی كۆمەڵایەتی و ژینگەیی گرنگ.