سەرۆك بافڵ پەیامێكی گرنگ لەبارەی پێنجەمین كۆنگرەوە رادەگەیەنێت

سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەبارەی پێنجەمین كۆنگرەی یەكێتی پەیامێكی گرنگ بڵاودەكاتەوە و دەڵێت، “یەكێتی بە دیدگا و ستراتیژێكی بەهێزەوە سیاسەتی خۆی لە ناوەندی فیدراڵ پەیڕەودەكات، سیاسەتێك كە پێش هەموومان سەرۆك مام جەلال پەیڕەوی دەكرد، ئەویش بریتییە لە ئاشتی، پێكەوەژیان و هاوبەشیی راستەقینە”.

دەقی پەیامەكە:-

هەڤاڵە سەربەرزەكانم

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەگەر لە رابردوودا لە رێگەی شۆڕشی چەكداری و بەخشینی زیاتر لە 26 هەزار شەهید بە خاكی كوردستان خەباتی كردبێت، ئەمڕۆ بە پابەندبوون بە پێداویستییەكانی خەڵك و تێگەیشتن لە دۆخەكە، پێمانووایە باشترین رێگای خەبات بریتییە لە خەباتی سیاسی لەپێناو پاراستنی دەستكەوتەكان، پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری و بوونیادنانی داهاتوویەكی گەشتر و سەقامگیرتر.

یەكێتی بە دیدگا و ستراتیژێكی بەهێزەوە سیاسەتی خۆی لە ناوەندی فیدراڵ پەیڕەودەكات، سیاسەتێك كە پێش هەموومان سەرۆك مام جەلال پەیڕەوی دەكرد، ئەویش بریتییە لە ئاشتی، پێكەوەژیان و هاوبەشیی راستەقینە، ئێمە دەزانین قوڵایی ستراتیژیی كورد لە بەغدایە، بۆیە دەمانەوێت لەو رێگەیەوە هەوڵ بۆ بەهێزتركردنی پێگەی هەرێم، بەدەستهێنانی مافە دەستوورییەكان و دەستەبەركردنی ژیانێكی شایستە بۆ خەڵكە خۆشەویستەكەمان بدەین.

هەروەها جەخت لە درێژەدان بە سیاسەتی نیشتمانی و نەگۆڕی یەكێتی دەكەمەوە سەبارەت بە پرسە نەتەوەییەكان و پشتگیریكردن لە مافەكانی گەلی كورد لە هەر شوێنێكی جیهان بێت.

خوشك و براكانم

هەموومان پێكەوە بەرەو قۆناغێكی نوێی خەباتی رێكخراوەییمان هەنگاو دەنێین و كۆنگرەی پێنج لەپێناو بەهێزتربوونی یەكێتییەكەمان ساز دەكەین، دڵنیام بە پشتیوانیی خودا و دڵسۆزیی ئێوەی خۆشەویست سەركەوتوو دەبین و مژدەی یەكێتییەكی پتەوتر بە خەڵكی كوردستان دەدەین، دەمەوێت لای ئێوەی خۆشەویست و هەموو خەڵكی كوردستان روونبێت، ئێمە بڕوای تەواومان بە نوێگەری و نوێبوونەوە هەیە، لەگەڵ گۆڕانكارییەكان هەنگاودەنێین و خۆمان نوێ دەكەینەوە، ئەمەش راستییەكی مێژووییە و هەمیشە خوێنێكی نوێ بە دەمارەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا دەگەڕێت.

خۆشەویستان

مێژوو سەلماندوویەتی یەكێتی سەنگەری پتەوی كوردایەتی و قەڵای بەرزی خۆڕاگرییە، مێژووی خەباتمان هێندە زێڕینە كە هیچ هێزێك لە خۆمان بە دڵسۆزتر بۆ كوردستان نازانین، ئەمڕۆش هێز و كاریگەریی یەكێتی لە هەرێم و ناوەندی فیدراڵ لای هەمووان روونە و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانیشمان لە ئاستێكی باڵادایە، ئاشكراشە بەهێزیی یەكێتی واتە بەهێزیی هەرێم و عێراق. بۆیە دەبێت هەموو هەڤاڵێكمان ئەوەی لەیادبێت كە یەكێتیبوون بەرپرسیارێتییەكی مێژوویی، نیشتمانی و ئەخلاقییە، دەبێت هەموو هەوڵ و هەنگاوێكتان هاوتابێت لەگەڵ سیاسەتی نیشتمانییانەی یەكێتی و ئامانجەكەتان خزمەتكردنی كورد و كوردستان بێت.

كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان، پێشمەرگە دێرینەكان، زیندانیانی سیاسی و كەمئەندامانی سەنگەر

ئێوە زۆرتان بەخشی بە كوردستان و یەكێتییەكەتان، دەزانین دڵسۆزی و خۆڕاگریی ئێوەی تێكۆشەر بوو یەكێتی گەیاندە ئەم حزبە گەورە و كاریگەرەی كوردستان و ناوچەكە. دڵنیاتان دەكەم و بەڵێنتان پێدەدەم یەكێتی هەمان ئەو یەكێتییە دەبێت كە ئێوە قوربانیتان لەپێناودا و لەبەرامبەر هەوڵ و خۆڕاگریتان وەفادار دەبێت، دڵنیابن یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەمانەتی سەرۆك مام جەلال و ئێوەیە و وەك رۆحمان دەیپارێزین.

هەڤاڵان:

ئەوانەی یەكێتیتان لە دڵتاندا هەڵگرتووە و بەهیواوە بەرەو داهاتوویەكی گەشتر دەڕوانن، پێكەوە بە یەك رۆحییەت و یەك ئامانج بەرەو كۆنگرەی پێنج، بەرەو یەكێتییەكی بەهێزتر و نوێگەر هەنگاو دەنێین و مێژوویەكی درەوشاوە و پڕ لە شانازی بۆ حزبی شەهیدان دەنووسینەوە.

شاد و سەرفرازبن

برا و دڵسۆزتان

بافڵ جەلال تاڵەبانی

سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

بابەتی پێشتر

بەغداد سزای زياتری هەرێمی كوردستان دەدات

بابەتی دواتر

پەرلەمانتارێك: بابەتی داهاتی نانەوتیی هەرێم یەكلابكرێتەوە كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم چارەسەردەبێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share