مەڵبەندی دووی رێكخستنی كەركوكی یەكێتی: ئەو لایەنانەی رێگای كەركوك – هەولێر_یان داخستووە دۆستەكانی  پارتین

مەڵبەندی دووی رێکخستنی کەرکوکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڵاویکردەوە، ئەو لایەنانەی ئێستا رێگای سەرەكی كەركوك – هەولێر_یان، داخستووە، دۆستەكانی  پارتین هەندێكیان لە هەولێر دانیشتوون و هەندێكیشیان لە بەغداد هاوپەیمانی پرۆسەی سیاسیی ئەون.

مەڵبەندی دووی رێکخستنی کەرکوکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، “لەگەڵ نزیكبوونەوەی خیانەتی گەورەی 31ی ئاب و تای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان، پارتی بۆ پەردەپۆشكردنی ئەو خیانەتە گەورەیەی دەرحەق بە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان كردی، چەند رۆژێكە لە كەركوك، بە بیانووی وەرگرتنەوەی بارەگاكەیان، جەنجاڵیەكی زۆریان بۆ كار و كەسابەتی هاوڵاتییانی كەركوك دروستكردووە”.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، “دەمانەوێت ئەو راستییانە بۆ هەموولایەك بخەینەڕوو، ئەو لایەنانەی ئێستا رێگای سەرەكی كەركوك – هەولێریان داخستووە، دۆستەكانی  پارتین، هەندێكیان لە هەولێر دانیشتوون و هەندێكیشیان لە بەغداد هاوپەیمانی پرۆسەی سیاسیی ئەون، پارتی لە حكومەتی عێراق جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوەی هەیە، لە ئەنجومەنی  نوێنەران جێگری سەرۆكی پەرلەمان و بەرپرسیارێتی لیژنەكانی پەرلەمانی هەیە، بەڵام لەم دۆسیەیەدا خۆیان حەشارداوە و بێدەنگییان هەڵبژاردووە كەچی لەسەر وەرگرتنی پشك و پۆست شەڕیانە بێ ئەوەی باسكی سیاسیی خۆیان بۆ گەڕانەوەی دەستووری و دیموكراتیانەی بارەگاكانیان بخەنەگەڕ كە ئەوە مافێكی فرە حزبی و دیموكراتی و دەستورییە و هیچ پێویستی بە هاندانی نەتەوەیی و گرژی نێوان پێكهاتەكان نییە”.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەشدا ئەوە هاتووە، “ئێمە لە سۆنگەی هەستكردن بە بەرپرسیارێتی و هەستیاری دۆخی كەركوك، هەوڵی ئاساییكردنەوەی دۆخەكە دەدەین و داوا لە حكومەتی لۆكاڵی كەركوك و هێزەكانی سوپا و داوا لە پارتیش  دەكەین ئەم بابەتە  بە یاسا و دەستور نەك بە جەمسەرگیری و گرژی،  چارەسەربكەن تاكو چیتر هاوڵاتییانمان نەبنە قوربانی موزایەدە پێشوەختەكانی پارتی بۆهەڵبژاردن وهەموو لایەكیش كەشی پێویست بۆ دیموكراسیی و خەباتی مەدەنی مەیسەر بكەن”.

 

بابەتی پێشتر

زیپکەی پێستیش سوودی هەیە

بابەتی دواتر

شارەوانیی سلێمانی: رۆژانی سێشەممە هاتوچۆ لەبەردەرکی سەرا رادەگیرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share