چی لەبارەی ئەم تەمە گەردوونییەوە دەزانیت؟

گەردوون چەندین تەن و دیاردەی جۆراوجۆری تیایە، تەلەسكۆپی جەیمس وێب وێنەی یەكێكیان گرتووە و شارەزایەكی گەردوونناسیش وردەكارییەكەی رووندەكاتەوە.

تەمە گەردوونییەکان یەکێکن لە تەنە جوان و سەرنجڕاکێشەکانی نێو گەلە ئەستێرەکەمان و گەردوون، هەندێکیان پاشماوەی تەقینەوەی ئەستێرەکانن و هەندێکیشیان تەمی هایدرۆجینین کە لە سەرەتای دروستبوونی گەردوونەوە هەن و هێلانەی دروستکردنی ئەستێرەکانن.

لوقمان حەوێز، شارەزا و ئەندامی كۆمەڵەی گەردوونناسی تەكساس لە نووسینێكدا رایگەیاند، وێنەكە تەمی گەردوونیی M57 کە بە تەمی ئەڵقەیی ناسراوە، هەروەها پێشی دەوترێت NGC.7620 و، بە چاوەکانی تەلەسکۆپی جەیمس وێب گیراوە.

“ئەم تەمە کە نزیکەی 2500 ساڵی تیشکی دوورە لە ئێمە، واتە بە پێوەرە گەردوونیەکان بێت نزیکە لێمانەوە، پاشماوەی ئەستێرەیەکی تەقیوە وەکو خۆری ئێمە کە له قۆناغەکانی کۆتایی تەمەنیدا بووە بە زەبەلاحێکی سوور و دواتر توێکڵی دەرەوەی تەقیوەتەوە و هەمووی لێی جیابۆتەوە و کڕۆکەکەشی داتەپیوە بەسەریەکدا و بووە بە قەزەمێکی سپی کە قەبارەکەی هێندەی هەسارەیەکی وەک زەوی دەبێت، بەڵام چڕیەکەی ئێجگار زۆرترە، تیرەی هەموو تەمەکەش لە نێوان نیو بۆ یەک و نیو ساڵی تیشکیە” لوقمان حەوێز وادەڵێت.

روونیشیكردەوە، ئەم تەمە پاشماوەی ئەستێرەیەک بووە کە بارستەکەی وەکو خۆری ئێمە بووە، واتە هێندە زۆر نەبووە تا دوای تەقینەوەی کڕۆکەکەی ببێتە کونێکی رەش یان ئەستێرەیەکی نیۆترۆنی، دەتوانرێت بەئاسانی چاودێری چەقەکەی بکرێت کە قەزەمێکی سپی تێدایە ئەویش کڕۆکی ئەستێرە تەقیوەکەیە کە بۆ دەیەها ملیار ساڵ درەشانەوەیەکی کەمی دەبێت تا تەواو سارد دەبێتەوە، ئەگەر قەزەمێکی سپیی دیكە لێی نزیکببێتەوە و تێکەڵی یەکترببن ئەوا بەیەکەوە دەبنە یەک ئەستێرەی نیۆتڕۆنی یان کونێکی رەش.

بە وتەی ئەو شارەزایە، لە چاودێرییەکانی پەنجا ساڵی رابردوشدا دەردەکەوێت تەمەکە هێشتا له کشان و گەورەبووندایە بەخێرایی 20 بۆ 30 کیلۆمەتر لە چرکەیەکدا، رۆژێک دێت دوای هەندێک پتر لە 5 ملیار ساڵ کە خۆری ئێمەش ئاوا دەتەقێتەوە و هەسارەکان قوت دەدات لەنێو گازەکانیدا، کۆمەڵەی خۆریش ئەوساکە دەبێت بە گۆڕستانێکی تاریک.

بابەتی پێشتر

هەرێم بۆ دروستكردنی فشار ئاوی لە عێراق گرتووەتەوە؟

بابەتی دواتر

بومەلەرزەیەکی  بەهێز دورگەی بالی هەژاند

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

مانگ چۆن دروستبووە؟

چۆنیەتی دروستبوونی مانگ و هەسارەكان لەڕووی زانستییەوە رەنگە لای هەندێكمان جێی پرسیار بێت، گەردوونناسێكی كورد روونیدەكاتەوە. لوقمان حەوێز،…
Total
0
Share