د. شێركۆ جەودەت ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لە دیدارێكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، هەفتەی رابردوو وەزارەتی نەوتی عێراق لەگەڵ وەزارەتی وزەی توركیا كۆبوونەوەیان ئەنجامداوە و تەواوی داتا و زانیارییەكانیان لەبارەی هەناردەی نەوتی هەرێم و داهاتەكەی دەستكەوتووە.
بە بڕوای شێركۆ جەودەت، هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2014 تا 2018 بە بەهای 36 ملیار دۆلار نەوتی فرۆشتووە و لەو كاتەدا خۆیان بڵاویانكردەوە كە 28 ملیار دۆلار قەرزدارن و لەهەمانكاتدا سیستمی پاشەكەوتی مووچە لەسەر مووچەی مووچەخۆران لە هەرێمی كوردستان پەیڕەوكرا.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، ئێستا ئەو داتایانە لەبەردەستی حكومەتی عێراقدایە و ئەوەش وایكردووە فشار لە هەرێمی كوردستان بكات.