ئایا نەخۆشیی گەڕی لە پارێزگای سلێمانی بڵاوبۆتەوە؟

ماوەی دوو ڕۆژە دەنگۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی گەڕی لە پارێزگای سلێمانی بڵاوبۆتەوە و تا ئێستا بەرپرسانی تەندروستیی سلێمانی دەڵێت حاڵەتەکانی گەڕی لەچاو ساڵانی دیکە کەمیکردووە.

سەرەتا دەنگۆکە چۆن بڵاوبویەوە؟

ئەگەرچی ئەمە جاری یەکەم نییە کە دەنگۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی گەڕی لە پارێزگای سلێمانی بڵاودەبێتەوە، بەڵام ئەمجارە پزیشکێکی نەخۆشییەکانی منداڵان ڕایگەیاند، لە سنوری سلێمانی حاڵەتی نەخۆشی گەڕی تۆمارکراوە و لەناو خەڵکیدایە.

پزیشکەکە ئاماژەی بەوەکردبوو، ” ماوەیەکە لە دەڤەری پیرەمەگروون و قەزای دووکان دەڤەری ڕاپەرین و تەنانەت سنوورە نزیکەکەکانی شاری سلێمانیش تێبینیمان کردووە کە بەشێوەیەکی بەرچاو نەخۆشی گەڕیی (scabies) بڵاوبووەتەوە.

بەڕێوبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی لەسەر ئەم پرسە چی دەڵێت؟

د.پشدەر عەبدوڵا، بەڕێوبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “دوای پشوەکانی سەریساڵ لیژنەیەک لەسەر بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵە و ئەو کەسەی کە بڵاویکردوەتەوە”.

بەڕێوبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی دەڵێت، “نەخۆشیەکە لەچاو ساڵانی ڕابردوو کەمیکردووە و هیچ تەشەنەیەکی نەکردووە، هەڵبەت ئەم نەخۆشییە هەر هەبووە لەناو خەڵکدا و بەپێی لێکۆڵینەوەی ئێمە نەخۆشیەکە کەمیکردووە، بەڵام نازانین هۆکاری گەورەکردنی ئەو پرسە چییە؟”.

 

بەڕێوبەرایەتی خۆپاراستنی سلێمانی قسەی لەسەر نەخۆشیەکە چییە؟

تۆڕی میدیای ئێستا بۆ وەرگرتنی وتەی بەڕێوبەرایەتی خۆپاراستنی سلێمانی پەیوەندیکرد بە دکتۆر ڕزگار عەلی، بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتییەکە و ڕایگەیاند، “پەیوەندیم کردووە بە پزیشکەکانی پێستەوە، هەموویان ئەوەیان پێوتووم کە حاڵەتەکان کەمن و بگرە وەک ساڵانی پێشوترن”.

دکتۆر ڕزگار عەلی ڕاشیگەیاند، “بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە هەرگیز وەک پەتای لێنایەت، چونکە بڵاوبوونەوەی مشەخۆرەکە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە ئەستەمە و دەبێت تێکەڵاوی زۆر نزیک هەبێت ئینجا دەگوازرێتەوە، لەوانە بەکارهێنانی خاولی یەکتر یان دەستان لە جلی ژێرەوەی کەسێکی دیکە”.

“ئەمە یەکەمجار نییە ئەم دەنگۆیە بڵاودەکرێتەوە”

لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا ئەوە چەندینجارە ئەم دەنگۆیە لە پارێزگای سلێمانی بڵاودەکرێتەوە، ساڵی 2014 بەهەمان شێوە قسە لەسەر نەخۆشیەکە کرا و لەناو خەڵکدا باسبوو کە لە سلێمانی نەخۆشی گەڕی زیادیکردووە و خەڵکێکی زۆر سەردانی پزیشکی پێستی کردووە بۆ زانینی هۆکاری نەخۆشییەکەی، چونکە بەشێکیان نازانن بۆچی پێستیان بووە بە پەڵە و سوربووەتەوە.

نەخۆشی گەڕی چییە؟

حاڵەتی یەکەم سوربونەوە و خورداندنی پێستە و زیاتر لە سەر ئەژنۆوە تا مل دەگرێتەوە، جیاكەرەوەی ئەم نەخۆشییە هەستەوەرییەكی توندە “سەرەتا كەسەكە زیاتر لە شەواندا هەست بە خوران دەكات، دواتر لە هەموو كاتەكاندا بێزار دەبێت بەدەست خورانێكی زۆرەوە و وای لێدێت جێ‌ بەخۆی ناگرێت و تەواو بێزار دەبێت”.

نەخۆشی گەڕی بەهۆی مشەخۆرێکی بچووكەوە پەیدا دەبێت كە بەچاو نابینرێت. مشەخۆرەکە پێست هەڵدەكۆڵێ و لەژێر پێستەكەدا هێلكە دادەنێت، مانەوەی هێلكەكان كۆئەندامی بەرگریی جەستە دەورووژێنن، ئەو خورانە زۆرەی پێست بەهۆی ورووژانی كۆئەندامی بەرگریی جەستەوەیە.

ساڵانە 300 ملیۆن كەس لە جیهاندا تووشی گەڕی دەبن، بەڵام بەربڵاوییەكەی لە كۆمەڵگەیەكەوە بۆ یەكێكی دی دەگۆڕێت و بەزۆری لە شوێنە قەرەباڵخ و ناخاوێنەكاندا بڵاوترە و لە وڵاتانی پێشكەوتوودا تەنیا لە بەندیخانە و شوێنە قەرەباڵخە ناتەندروستەكاندا تێبینی دەكرێت.

بابەتی پێشتر

گواستنەوەکانی 2020ی ڕیاڵ مەدرید سەرجەمی شکستیانهێناوە !

بابەتی دواتر

نوجێفی: قائانی لە کۆتا سەردانیدا گڵۆپی سەوزی بۆ لێدانی میلیشیاکانی عێراق هەڵکردووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share