مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتیی یەكێتی لە هەولێر كۆدەبنەوە

لۆگۆی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

بڕیارە ئەمڕۆ هەریەك لە مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتیی یەكێتی لە هەولێر كۆببنەوە و لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندنی ئەو حزبە دەڵێت، گفتوگۆ لەسەر میكانیزم رێكارەكانی كۆنگرە دەكرێت.

ستران عەبدوڵا، لێپرسراوی مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، كاتژمێر 11ی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بە سەرۆکایەتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی لە شاری ھەولێر کۆدەبێتەوە.

“لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی گفتوگۆ لەسەر ئەو میکانزم و رێکارانە دەکرێت کە کۆمسیۆنی باڵای پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتی دەیخاتەڕوو، کە کۆمیسیۆنەکە پێکدێت لە مەکتەبەکانی ھەڵبژاردن و رێکخستن، مەڵبەندی دراسات و ناوەندی کاروباری یاسایی یەکێتیی” میدیای فەرمی یەكێتی لە زاری ستران عەبدوڵا وای وت.

ئەوەشی ئاشكراكرد، كاتژمێر 2ی پاش نیوەڕۆی هەمان رۆژ، کۆبوونەوەی سەرکردایەتی بەڕێوەدەچێت.

لێپرسراوی مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتی وتیشی، “بڕیاری سەرۆک بافڵ بۆ بەستنی پێنجەمین کۆنگرە جورئەتێکی گەورەیە و یەکێتییەکان ستایشی ئەو بڕیارە گرنگە دەکەن، هەروەها بڕیاری بەستنی کۆنگرە کە لە شاری كەركوك درا، ئەوەش مانای ئەوەیە کە کەرکوک لە دڵی یەکێتیەکاندایە”.

ئەوەشی وت، “یەکەمجارە کۆنگرەی یەکێتی لەکاتی خۆیدا دەکرێت، بەمەش ئاواتی سەرۆک مام جەلال دێتەدی” و ئاماژەی بەوەشدا، “تەلار لەتیف وتەبێژی تایبەتی کۆمسیۆنی باڵای کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتییە و بۆچوونی رەسمی یەکێتیی لەبارەی کۆنگرەوە دەڵێت”.

كۆبوونەوەكانی ئەمڕۆش كە لەشاری ھەولێر بەڕێوەدەچن، ئەوە دەگەیەنێت کە ھەولێر بۆ یەکێتیی گرنگە و بایەختی تایبەت بەخۆی ھەیە لەروی سیاسی و دیپلۆماسییەوە، لێپرسراوی مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتی وای وت.

بابەتی پێشتر

ئاگر لە سنووری ماوەت کەوتەوە و کەسێک برینداربوو

بابەتی دواتر

کەشناسیی عێراق: باراندەبارێت و پلەی گەرما دادەبەزێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share