دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكانی حكومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت، هیچ لایەنێكی ناوخۆیی و دەرەكی بۆی نییە دەستووەردان لە كاروباری دادگاكانی هەرێمی كوردستاندا بكات، چونكە دادگاكانی هەرێمی كوردستان سەربەخۆن.
رێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكانی حكومەتی هەرێم بە دەنگی ئەمەریكای راگەیاند، لە هەرێمی كوردستان دادگاكان دەسەڵاتی سەربەخۆن و بڕیاری یاسایی خەسڵەتێكی تایبەتمەندە بە جومگەی هەرەمی دادوەریی و هیچ لایەنێكی ناوخۆیی و دەرەكی بۆی نییە دەستوەردان لە كاروباری دادگا بكات.”
رۆژی هەینی رابردووش رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی (Amnesty International )، داوای لە بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە،”دەستبەجێ هەردوو ڕۆژنامەنوس ( گوهدار زێباری و شێروان شێروانی ) ئازاد بكەن”.
دیندار زێباری، دەشڵێت،” لەناو ئۆتۆمبێلی گوهداردا دەستگیراوە بەسەر چەك و تەقەمەنی، بۆیە بە پێی یاسای چەك دۆسیەی بۆ كراوەتەوە و هەركەسێك بەبێ مۆڵەت چەكی پێ بگیرێت رووبەڕووی سزای زیندانیكردن یان پێ بژاردن دەبێتەوە. دۆسیەی گوهدارهێشتا لە قۆناغی لێكۆڵینەوەدایە و ڕەوانەی دادگای تایبەتمەند نەكراوە بۆ دادگاییكردنی.”