پێشبینيی داڕمانی هەرێم دەكات
میدیایەكی ئەمریكی: ناكۆكیی عێراق و توركیا لەبارەی نەوت بێ چارەسەرە

ناكۆكی نێوان حكومەتەكانی عێراق و توركیا دەربارەی پرۆسەی هەناردەی نەوت لەڕێی بەندەری جەیهانەوە تائێستا درێژەیان هەیە و هیچ ئاسۆیەكی چارەسەریش بەدیناكرێت، وەك ئەوەی رۆژنامەی فۆرن پۆلسی دەیڵێت و دووپاتیشیدەكاتەوە، ناكۆكییەكە خەریكە كاریگەری لەسەر ناوچەكە دەبێت و “تێكیدەدات”.

رۆژنامەكە روونیكردەوە، رێككەوتنی واژووكراوی بەر لە پەنجا ساڵی نێوان هەردوو وڵات دەربارەی هەناردەی نەوت لەڕێی بەندەری جەیهان، تائێستا بێ چارەسەر ماوەتەوە سەرەڕای سەردانی هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا بۆ بەغداد و راگەیاندنی نزیكیی سەردانی رەجەب تەیب ئەردۆغان-ی سەرۆكی توركیا بۆ عێراق.

دەشڵێت، راوەستاندنی هەناردەی نەوت كە ماوەی پێنج مانگە بەردەوامە، خەریكە كاریگەرییەكەی دەبێتە دوو هێندە لەسەر بازاڕی نەوتی جیهانی لە ناوچەكەدا بەشێوەیەكی گشتی و جیهان بەشێوەی تایبەت.

راوەستاندنەكە بووەتەهۆی لەدەستدانی بازاڕی جیهان بە نزیكەی 0.5%ی كۆی هەناردەی نەوتی جیهانی و نزیكەی 10%ی هەناردەی عێراق، كە لێكەوتەكانی لەگەڵ تێپەڕبوونی كاتدا زیاتر مەترسیدار دەبێت لەسەر بازاڕی نەوت و نرخەكەی، وەك ئەوەی ئاماژەی پێداوە.

رۆژنامەكە روونیشیدەكاتەوە، سەرەڕای گفتوگۆ بەردەوامەكانی نێوان هەردوولا، وەزیری دەرەوەی توركیا رەتیكردنەوە دانیپێدابنێت یان باس لە بڕیاری رەتكردنەوەی حكومەتەكەی بكات بۆ سەرلەنوێ هەناردەی نەوت لەڕێی بۆری و بەندەری جەیهان، سەرەڕای ئەوەی نەوتی ئەمباركراوی عێراق لە ئەمباری بەندەرەكەیدا بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە. دووپاتیشیدەكاتەوە، تا ئەم ساتە هیچ ئاسۆیەك نیە بۆ نیازی توركیا بۆ سەرلەنوێ هەناردەی نەوتی عێراق لەڕێی بەندەرەكەیەوە.

سەبارەت بە هەرێمی كوردستانیش فۆڕن پۆلسی پێشبینی دەكات راوەستاندنی هەناردە ببێتەهۆی “داڕمانی تەواوەتیی هەرێمی كوردستان” باس لەوەشدەكات “حكومەتی هەرێم چەند ساڵێكە لەڕووی ئابورییەوە دەناڵێنێت بەهۆیەوە ناتوانێت مووچەی فەرمانبەران بەشێوەیەكی رێكخراو بدات، گرفتەكەش دوو هێندە بووە لە ئاكامی هەڵوێستەكەی توركیاوە”.

پێشوایە بەردەوامیی تێكچوونی بارودۆخی ئابوریی هەرێم، لە كۆتاییدا دەبێتەهۆی هەڵایسانی “جەنگی ناوخۆیی” و هۆشداریشدا لەوەی دۆخێكی لەوجۆرە ئەگەری هەیە لەلایەن داعشەوە بقۆزرێتەوە بۆ جارێكی دیكە گەڕانەوەی بۆ ناوچەكە.

بابەتی پێشتر

تایوان: 20 فڕۆکەی چینی هاتوونەتە سنووری بەرگریی ئاسمانیمانەوە

بابەتی دواتر

کەشناسی: پلەکانی گەرما جێگیرن و گەرمترین ناوچە گەرمیان و فێنکترینیش حاجی ئۆمەرانە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ئاسایشی هەولێر: كەسێك دەستگیركرد كە هێرشی كردبووە سەر كارمەندێكی نەخۆشخانەی فریاكەوتنی رۆژئاوای هەولێر

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر رایدەگەیەنێت، كەسێكمان دەستگیركرد كە هێرشی كردبووە سەر كارمەندێكی نەخۆشخانەی فریاكەوتنی رۆژئاوای شاری هەولێر. بەپێی راگەیەندراوێكی…
Total
0
Share