بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دەباشان پێشوازی لە ستیڤن چارڵس هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق كرد.
لە دیدارێكدا پەرەپێدانی پەیوەندییەكان، دوایین پێشهات و گۆڕانكارییەكانی هەرێم و عێراق گفتوگۆی لەبارەوەكرا و جەخت لە بەردەوامیی گفتوگۆ و هەماهەنگییەكان كرایەوە بە ئامانجی چارەسەركردنی كێشەكان و تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەكان.
سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردن و كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغداد، هەڵوێستی یەكێتی روونكردەوە و رایگەیاند، “دەمانەوێت هەڵبژاردنێكی بێگەرد و راستەقینە لە وادەی خۆیدا بەڕێوەبچێت و وەڵامدەرەوەی خواستی هەموولایەك بێت، بۆ ئەمەش یەكێتی ئامادەیە و ئامانجمان بەهێزكردنی پایەكانی دیموكراسییە لە هەرێمەكەمان”.
وتیشی، “فراوانكردنی هەماهەنگییەكان لەگەڵ بەغداد و چارەسەركردنی كێشەكان لەسەر بنەمای دەستوور، فاكتەری چارەسەركردنی كێشەكانە و دەبێت هەموومان بە رۆحێكی نیشتمانی و بەرپرسیارانە مامەڵە بكەین و هەرێمەكەمان بەرەو ئاوەدانی و سەقامگیریی زیاتر ئاڕاستە بكەین”.