وەزیرانی دەرەوە و وزەی توركیا لە هەولێرن

شەوی رابردوو وەزیری دەرەوەی توركیا و ئەمڕۆش وەزیری وزەی ئەو وڵاتە گەیشتنە هەولێر بڕیارە لەماوەی مانەوەیاندا چەند كۆبوونەوەیەك ئەنجامبدەن.

شەوی رابردوو هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا گەیشتە هەولێر، ئەمڕۆ سەرەڕای كۆبوونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان چاوەڕوان دەكرێت چەند كۆبوونەوە و دیدارێكی دیكە ئەنجامبدات.

فیدان رۆژی رابردوو گەیشتە بەغداد و چەند كۆبوونەوە و دیدارێكی ئەنجامدا.

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆش ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سامانە سروشتییەکانی تورکیا بە فڕۆكەیەكی تایبەت گەیشتە هەولێر و لەلایەن ژمارەیەك وەزیر و بەرپرسانەوە پێشوازیكرا.

سەردانەكەی وەزیری وزە لەكاتێكدایە دوو رۆژ پێشتر لە ئەنقەرە كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ حیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق ئەنجامدا و تیایدا سەبارەت بە سەرلەنوێ هەناردەكردنەوەی نەوت گفتوگۆیان كرد، بەڵام نەگەیشتنە رێككەوتن.

لە راگەیەندراوی كۆبوونەوەی دوو قۆڵیی نێوانیاندا جەخت لە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت دوای نۆژەنکردنەوەی بەشێک لە هێڵی گواستنەوەی نەوت کە بەهۆی بوومەلەرزەکەی 6ـی شوباتی 2023 زیانی بەرکەوتووە كرایەوە، لەكاتێكدایە شارەزایان پێیانوایە زیانپێگەیشتنی هێڵی گواستنەوە بیانووە نەك راستی.

بابەتی پێشتر

مێسی ئینتەرمەیامی گەیاندە یارییەکی کۆتایی تر

بابەتی دواتر

لە 16ی ئەیلول خوێندن دەستپێدەكات<br> زانكۆی سلێمانی بۆ ئەمساڵیش یەكپۆشی جێبەجێ ناكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share