ئیسرائیل لە یادی قاسم سلێمانیدا پێشبینی هێرشی ئێران بۆ سەر وڵاتەکەی دەکات

هیدای زیلبێرمان، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل، ئاشکرایکرد وڵاتەکەی چاودێریی جوڵە و پەرەوپێسچوونەکانی ئێران دەکات لە ناوچەکە و هەریەکە لە عێراق و یەمەن ئەو دوو شوێنەن کە ئێران دەتوانێت لێیانەوە مەترسی بۆ سەر ئیسرائیل دروست بکات.

وتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە لێدوانیدا بۆ ڕۆژنامەی ئیلافی وڵاتەکەی، کە دوێنێ هەینی 25ی کانونی یەکەم، بڵاوبووەتەوە ڕایگەیاندووە، “زانیارییمان لەبەردەستدایە کە ئێران پەرەی بە فڕۆکە و موشەکە زیرەکەکانی داوە و لە توانایاندایە بگەنە ناو خاکی ئیسرائیل”.

زیلبێرمان ڕەتیکردەوە کە وڵاتەکەی زانیاریی ورد و دیاریکراوی هەبێت لەسەر پلان و نیەتی ئێران بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل و ڕاشیگەیاند، “یەکەم ساڵیادی کوژرانی قاسم سلێمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە کاتێکی گرنگە و ئێران گرنگی بەوە دەدات لەو کاتەدا چالاکی سەربازی دژی ئەمریکا و ئیسرائیل ئەنجام بدات، چونکە ئێران هەریەکە لە ئەمریکا و ئیسرائیل بە یەک چاو سەریردەکات و جیاوازی ناکات لە نێوانیاندا”.

ئاماژەی بەوەشکرد،  ئافیف کوخای، سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل، هۆشداریی داوەتە ئێران لە ئەنجامدانی هەر هێرشێکی سەربازی لە عێراق و یەمەنەوە وەک دووەم بازنەی هێرشەکانی ئێران بۆسەر وڵاتەکەی لە دوای لوبنان و سوریا وەک بازنەی یەکەم.

ئەو بەرپرسەی سوپای ئیسرائیل دەڵێت، لە ساڵی 2019دا ئێران چەند هێرشێکی ئەنجامدا لەوانە هێرش کردنە سەر کۆمپانیای ئارامکۆی سعودی، بۆ ئەو هێرشانەش خاکی عێراق و یەمەنی بەکارهێناوە  سەرەڕای ئەو هێرشانەی لە خاکی وڵاتەکەیەوە ئەنجامیداون لە بەکارهێنانی دەیان فڕۆکە و موشەکی ئاڕاستەکراو، “ئەمەش بەڵگەی ئەو توانە گەورەیەی ئێرانە لەو بوارەدا”.

بابەتی پێشتر

عەسائیب بۆ كازمی: سزای خودات بەسەردا دادەبارێنین.. كازمی: ئامادەی ڕوبەڕوبوونەوەی یەكلاییكەرەوەم

بابەتی دواتر

لوتکەی عەرەبی: ئێران و تورکیا هەوڵی زیندوکردنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و سەفەوی دەدەن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share