خێزانی ئەو منداڵە تازە لەدایکبووەی ڤیدیۆکەی بڵاوبووەوە سکاڵایان نییەوە وەزارەتی تەندروستی رێکارەکان ئاشکرا دەکات

خێزانی ئەو منداڵە تازە لەدایکبووەی کە لە نەخۆشخانەیەکی هەولێر لێیدەدرێت و گرتەڤیدیۆییەکەی بڵاوکراوەتەوە، دەڵێن کە هیچ سکاڵایەکیان نییە، بەڵام وەزارەتی تەندروستی سزا و رێکارەکان لەوبارەیەوە جێبەجێدەکات.

لە دوێنێوە گرتەڤیدیۆییەک بڵاوبووەتەوە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان کە تێێدا دوو پەرستار لە منداڵێکی تازە لەدایکبوو دەدەن لە نەخۆشخانەیەکی ئەهلیی هەولێر، لەوبارەیەوە دکتۆر بێوار رزگار، سەرپەرشتیاری لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی ئەو منداڵە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، منداڵەکە لە هەمان نەخۆشخانە لە 27ی تەمموزی ئەمساڵ بە نەشتەرگەری لەدایکبووە.

باسی لەوەکرد، “ئەو گرتەڤیدیۆییە دەستکاری کراوە و شێویندراوە بەمەبەستی لەکەدارکردنی نەخۆشخانەکەمان”.

کەسوکاری منداڵەکەش بە میدیاکانیان وت کە پووری منداڵەکە گرتەکەی تۆمارکردووە و “جیاوازە لەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە و دەستکاریکراوە.

لەلایەکی دیکەوە دایکی ئەو منداڵە رایگەیاند، “هیچ سکاڵایەکمان نییە، تەنها سوپاسی نەخۆشخانەکە دەکەین کە منداڵەکەمان بە باشی چاودێریکراوە”.

لە بەرامبەردا هەر ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، “بە بڕیاری وەزارەتی تەندروستی رێکاری یاسایی بەرامبەر گرتە ڤیدیۆیی پێشێلكردنی مافی منداڵێكی تازە لەدایكبوو لە نەخۆشخانەی ( اربیل ئینتەرناشناڵ)ی ئەهلی دەگیرێتەبەر”.

راگەیەندراوی وەزارەتی تەندروستی رێکار و سزاکانی تایبەت بە ئەو دۆسیەیە:

وەزارەتی تەندروستی لەڕێگەی تیمی پشكنین و بەدواداچوون سەردانی مەیدانی نەخۆشخانەی ناوبراویان كرد بۆ بەدواداچوونی ئەم دیاردەیە، بەپێی ڕاپۆرتی ژمارە (١١٢) لە ڕێكەوتی ٢٠٢٣/٨/٢٠ و پاڵپشت بە یاسای مافی نەخۆش ژمارە ٤ ی ساڵی ٢٠٢٠ و ڕێنمایی جێبەجێكردنی ڕێنمایێەکانی وەزارەتی تەندروستی ژمارە ٤ ی ساڵی ٢٠٢٢ و ڕاسپاردەكانی لیژنەی بەدواداچوون بڕیار درا بە:

١- دوورخستنەوەی هەردوو كارمەندی نەخۆشخانە بە ناوەكانی (گ.ع.ع) و (س.ص.م) لە نەخۆشخانەی ناوبراو، سەڕەڕای نەبوونی ڕێگەپێدانی كاركردنی ئەم دووكارمەندە لە لیستی نەخۆشخانە.

٢- سڕكردن و لەكار ڕاگرتنی هەردوو كارمەندی ناوبراو لە كاركردن لەبواری پزیشكی و تەندروستی بۆ ماوەی شەش مانگ.

٣- داخستنی بەشی منداڵە ناكامەكان ( خدج) لە نەخۆشخانەی ناوبراو بەهۆی نەبوونی مەرجی تەندروستی تا ڕێكخستنەوە و پەیڕەوكردنی مەج و ڕێنماییەكانی تەندروستی.

٤- داخستن و ڕاگرتنی نەشتەرگەری منداڵبوون تا جێبەدجێكردنی بڕیاریەکانی خاڵی سێیەم.

٥- سزای بەڕێوبەر و نەخۆشخانە بەپێی ڕێنمایی پێبژاردنی سەرپێچی.

٦- سزای ئاگاداركردنەوە (انذار) ی بەڕێوبەری نەخۆشخانە بۆ كاركردنی پزیشكان و كارمەندان و فەرمانبەرانی نەخۆشخانە بەپێی لیستی ڕێگەپێدرا و لە وەزارەتی تەندروستی.

٧- هەواڵەکردنی دۆسیەی سەرپێچی کردن و پێشێلکردنی مافی نەخۆش بۆ دادگای تایبەتمەند.

 

بابەتی پێشتر

هەندێ هەواڵ لەسەر بەرشلۆنە

بابەتی دواتر

مەكتەبی سیاسی یەكێتی: بڕیاردرا رۆژی 27ی 9ی 2023 كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی ببەسترێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share