دوو بڕیاری نوێ لەبارەی بەرهەمهێنانی كارەبا بە وزەی خۆر دەرچوون

لەلایەن وەزارەتی كارەباوە دوو بڕیار سەبارەت بە بەرهەمهێنانی كارەبا لە وزەی خۆر دەرچوون و كارەبای سلێمانی ناوەرۆكەكەی رووندەكاتەوە.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتی كارەبای سلێمانی بڵاویكردەوە، دوابەدوای بڕیاری وەرگرتنەوەی وزەی كارەبای بەرهەمهێنراو لە وزەی خۆر و دەرچوونی یاسای وزە نوێبووەکان، لەلایەن وەزارەتی كارەباوە دوو بڕیاری دیكە بۆ ئەو هاوبەشانەی سیستەمی وزەی خۆریان داناوە دەرچوو.

بەپێی بڕیاری یەكەم هاوبەشان بڕی ئەمپێری پێوەری زیرەکی كاره‌بایان زیاددەکرێت تا کۆى ئەو کارەبایەى بەرهەمى دەهێنن بخەنەوە ناو تۆڕى کارەباى نیشتیمانى.

هەروەها ئەو ماڵانەش کە کارەباکەیان سیستمى پریپەیدە، بۆ ئەوەى ئەو کارەبایه‌ى تێکەڵ بە کارەباى نیشتمانى دەکەن هەژماربکرێت، پریپەیدى سەر پێوەری زیرەکیان لادەبرێت و لەمەودوا یەکەی گەڕاوەیان بۆ ناو تۆڕى کارەبا هەژماردەکرێت.

كارەبای سلێمانی روونیشیكردەوە، بەرهەمهێنان لە وزەى خۆر (سیستمی سۆلار) له‌لایه‌ن هاووڵاتیانه‌وه‌ روو لە زیادبوونە، بەجۆرێك به‌پێی داتاکانى بەشى وزە نوێبووەکان، 150 ماڵ له‌ناو سلێمانی سیستمى سۆلاریان له‌ سه‌ربانی ماڵه‌كانیان داناوه،‌ كه‌ كۆی توانای به‌رهه‌مهێنانی وزه‌ی كاره‌بایان نزیكه‌ی 1.5 مێگاواته‌ و، لەكاتێكدا چەندین ماڵی دیكەش هەن كە تائێستا سیستمەكەیان تۆمارنەكردووە.

داواش له‌و هاوڵاتیانه‌ ده‌كات كه‌ سیستمی كاره‌بای سۆلاریان داناوه‌ سه‌ردانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی كاره‌با بكه‌ن به‌مه‌به‌ستی تۆماركردنی سیستمه‌كه‌یان بۆ ئه‌وه‌ی سوودمه‌ندبن له‌و بڕیارانه‌ی كه‌ تایبه‌تن به‌ دانانی سیستمی سۆلار.

دانانی سیستمی سۆلار دوو سوودی زۆر گرنگی هه‌یه‌. یه‌كێكیان به‌شداربوونە له‌ به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با و دووه‌میشیان خه‌رجی كاره‌با كه‌م ده‌بێته‌وه‌، به‌پێی رێنمایی ژماره‌ (3)ی ساڵی 2021ی وه‌زاره‌تی كاره‌با، ئه‌و كاره‌بایه‌ی له‌ وزه‌ی خۆر به‌رهه‌م و دێت و تێكه‌ڵ به‌ كاره‌بای نیشتمانی ده‌كرێت، له‌ كۆتایی مانگه‌كه‌دا له‌ خه‌رجی كاره‌بای مانگانه‌كه‌ت ده‌رده‌كرێت، كارەبای سلێمانی وادەڵێت.

بابەتی پێشتر

تا ئێستا زانیوتە هەنگوینیش بەسەردەچێت؟.. چۆن تەنها بە زمانت دەزانیت هەنگوینەکەت تەواو سروشتییە؟

بابەتی دواتر

پارێزەری چالاكوانانی بادینان: گوهدار زێباری لەسەر دۆسیەیەكی دیكە دووبارە راگیرایەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share