داواکاری گشتیی فەرەنسا ئاشکرایکرد، چوار کەس تێوەگلاون لە دۆسیەی گیانلەدەستدانی لانیکەم شەش کۆچبەر لە ئەنجامی نوقمبوونی بەلەمێک لە کەناڵی ئینگلیز لە کۆتایی هەفتەی رابردوودا، بەپێی زانیارییەکان دووانیان کوردن و قاچاخچین.
سەرچاوەیەکی داواکاری گشتیی فەرەنسا بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، لە دۆسیەی گیانلەدەستدانی لانیکەم شەش کۆچبەر لە ناو بەلەمێکدا لە کەناڵی ئینگلیز لە کۆتایی هەفتەی رابردوودا، چوار کەس بە تۆمەتی کوشتنی نا ئەنقەست تۆمەتبارن.
ئەو چوار کەسە رووبەڕووی تۆمەتی دیکەی پیلانگێڕیی تاوانکاری بۆ ئاسانکاریی کۆچی نایاسایی دەبنەوە، ئەمە جگە لەوەی گومانی ئەوەی هەیە دوو تۆمەتباریان کە کوردن سەر بە تۆڕێکی قاچاخچێتیکردن بە مرۆڤ بن.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو چوار تۆمەتبارە کە خەڵکی عێراق و سودانن، دوای ماوەیەکی کەم لە نوقمبوونی بەلەمەکە کە نزیکەی 65 کۆچبەری تێدابووە، دەستگیرکراون، کە بووەتە هۆی خنکانی شەش کۆچبەری ئەفغانی.
دەسەڵاتدارانی فەرەنسا رایانگەیاندووە، زۆرینەی ئەوانەی لەناو بەلەمەکەدا بوون، ئەفغانی بوون، لەگەڵ هەندێک لە سودانی و “چەند منداڵێکی کەم تەمەن”.
پاسەوانی کەناراوەکانی بەریتانیا و فەرەنسا 59 کەسیان ڕزگارکرد، بەڵام تا ئێستا ژمارەی کوژراوان بە شێوەیەکی کاتی ماوەتەوە.
پێشتر رۆژی یەکشەممە رۆژنامەی تایمزی بەریتانی لەبارەی نوقمبوونی بەلەمەکەوە رایگەیاند، ئەو بەلەمەی بە نزیکەی 60 کۆچبەرەوە لە سەرەتای هەفتەدا لە کەناڵی ئینگلیز نوقم بوو، تێیدا لانیکەم شەش کۆچبەر خنکان و ژمارەیەکیش بێسەروشوێن بوون، لەلایەن کوردەکانەوە دابینکراوە.