کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند کە ئەمڕۆ هەینی 11ی ئاب گەرمترین رۆژی ئەمساڵە کە تا ئێستا تۆمارکراوە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ بە گەرمترین رۆژی ئەمساڵ دادەنرێت کە تاوەکو ئێستا تۆمارکراوە، بەتایبەتی لە شارەکانی هەولێر، گەرمیان، کەرکوک و دەوروبەریان.
بەپێی ئەو نەخشەیەی پلەکانی گەرما کە کەشناسی بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ لە هەریەکە لە “خانەقین، کەلار، مەیدان، دوزخورماتوو، کەرکوک و خەبات” پلەکانی گەرما 50 پلە یان زیاترن.
گەرمترین ناوچەش خانەقینە کە دەگاتە 53 پلەی سەدی.
ئەمە لەکاتێکدایە پێشتر کەشناسیی هەرێمی کوردستان هۆشداریدا کە شەپۆلێکی گەرمای توند روو لە هەرێم دەکات و ماوەی هەفەتەیەک دەخایەنێت، داواشی لە هاوڵاتییان کرد لە کاتژمێر 11:00 تاوەکو 6:00ی ئێوارە لە ماڵەکانیان بمێننەوە.