قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران لە كۆبوونەوەی لەگەڵ لیوا روكن بەختیار ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە و ژمارەیەك لە ئەفسەران و پلەدارانی وەزارەت رایگەیاند، “بەردەوامدەبین لە چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و هەر كەس و بەرپرسێك كەمتەرخەم بێت لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەكرێت”.
لە كۆبوونەوەكەدا كە ئەمڕۆ لە هەولێر بەڕێوەچوو، تاوتوێی دواپێشهات و گرژی و ناكۆكییەكانی ناو دیوانی وەزارەت كران و لەسەر داوای قوباد تاڵەبانی، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە باسی لە گرژییەكان و هۆكارەكانی كرد و هەروەها روونكردنەوەی دا لەبارەی چۆنییەتی بەڕێوەچوونی قۆناغەكانی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و كێشە و كەموكوڕییەكانی پڕۆسەكەی خستەڕوو.
جێگری سەرۆك وەزیران لە كۆبوونەوەكەدا جەختیكردەوە لەسەر بەردەوامیدان بە پڕۆسەی چاكسازی و رێكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە و رایگەیاند، “ئاساییە گرژی و ناكۆكی سیاسی هەبێت لە نێوان لایەنە سیاسییەكان، بەڵام قبووڵ كراو نییە ئەو گرژییە بهێنرێتە ناو وەزارەتی پێشمەرگە”.
وتیشی، “بەڵێنمان بە خەڵكی خۆمان و هاوپەیمانەكانیشمان داوە كە هێزەكانمان تۆكمەتر و راهێنراوتر بكەین و قۆناغ بە قۆناغ پڕۆژەی چاكسازی جێبەجێبكەین، هەربۆیە ناكرێت لەپێناو بەرژەوەندیی هەندێك كەس دەستبەرداری بابەتێكی وەها هەستیار و گرنگ بین و ئێمە بەردەوامدەبین لە پڕۆسەی چاكسازی و لێپرسینەوەش لە كەسانی كەمتەرخەم دەكەین لە هەر پلەو پۆستێكدا بن”.
جێگری سەرۆك وەزیران لە كۆبوونەوەكەدا پەیامێكی بۆ هەموو بەرپرسان و پلەدارانی وەزارەتی پێشمەرگە نارد و رایگەیاند، لە رووی سیاسی و حزبییەوە سەر بە هەر لایەنێكن، لە رووی نیشتمانی و ئەخلاقییەوە ئەركی ئێوەیە لە وەزارەت پیشەییانە مامەڵە بكەن و دووربكەونەوە لە ململانێ و نەبنە بەشێك لە ناكۆكی سیاسی و حزبی و مل نەدەن بۆ هیچ دەستێوەردانێك لە وەزارەتی پێشمەرگە لەلایەن هەر كەسێكەوە بێت.
هەر لە كۆبوونەوەكە، قوباد تاڵەبانی ستایشی ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە و تیمی یاوەری كرد كە لەماوەی رابردوو زۆر بەسەبر و پەرۆشەوە كاریان كردووە لەپێناو كۆنتڕۆڵكردنی دۆخی ناو وەزارەت و هەموو هەوڵێكیان داوە پڕۆسەی چاكسازی بە تەواوەتی پەكنەخرێت.