مولازم عومەر: کە کارەساتی هەکاری روویدا شای ئێران و سەدام لە سایەی رێکەوتننامەی جەزائیرەوە پەیوەندیان لەگەڵ پارتیدا باش بوو

مولازم عومەر رایدەگەیەنێت ساڵی 1978 کە کارەساتی هەکاری روویدا، بەشێک لە برادەرانی پارتی لە کەرەج بوون و بەشێکیان بە ناوی قیادەی مۆقەتەوە لە شاخ بوون.، هێشتا شای ئێران و سەدام لە حوکمدا بوون و لە سایەی رێکەوتننامەی جەزائیرەوە پەیوەندیان لەگەڵ پارتیدا باش بوو.

مولازم عومەر ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەڵامی کەمال کەرکوکی سەبارەت بە کارەساتی هەکاری دایەوەو رایگەیاند، ” هەرچەندە لە ساڵی 2001 ەوە دەستم لە کاری سیاسی و حزبی کێشاوەتەوە و دوورم لە ململانێکانەوە، هەروەها دۆخی سیاسی هەرێم و بژێوی هاوڵاتییان بە جۆرێک نالەبار و ئاڵۆزە، کە ناکرێت هاوڵاتییان بە هەڵدانەوەی کارەساتێکی کۆن زیاتر ناڕەحەت بکرێن، هەمیشە وتوومە ئەوەی ڕەوانشاد (نەوشیروان مستەفا) لەسەری نووسیووە، زۆر تێروتەسەلە و پێویستی بە قسەی زیاتری من نیە. “.

تەواوی وڵامەکەی مولازم عومەر بۆ کەمال کەرکوکی:

لەم رۆژانە لە (سایتی درەوو)، چاوپێکەوتنێکی (کاک کەمال کەرکوکی)م بینی، کە زامی (کارەساتی هەکاری) کولاندەوە. هەر لە زووەوە چەندین هاوڕێی نزیکم داوایان لێکردووم لەسەر کارەساتی هەکاری بنوسم، هەمیشە وتوومە ئەوەی ڕەوانشاد (نەوشیروان مستەفا) لەسەری نووسیووە، زۆر تێروتەسەلە و پێویستی بە قسەی زیاتری من نیە.
هەرچەندە لە ساڵی 2001 ەوە دەستم لە کاری سیاسی و حزبی کێشاوەتەوە و دوورم لە ململانێکانەوە، هەروەها دۆخی سیاسی هەرێم و بژێوی هاوڵاتییان بە جۆرێک نالەبار و ئاڵۆزە، کە ناکرێت هاوڵاتییان بە هەڵدانەوەی کارەساتێکی کۆن زیاتر ناڕەحەت بکرێن.

بەڵام (کاک کەمال کەرکوکی) ناچاری کردم وەڵام بدەمەوە، بەتایبەت کە (شەهید عەلی عەسکەری و شەهید دکتۆر خالید و شەهید حسێن بابە ڕەسول)، هەروەها ڕەوانشاد (مام جەلال و کاک نەوشیروان) لە ژیاندا نەماون، هەتا بەرگری لە خۆیان بکەن، بۆیە من بە ئەرکی ئەخلاقی و سیاسی دەزانم کە ڕاستی ڕوداوەکان بە کورتی بگێڕمەوە.

یەکەم، ئەو هێزەی (یەکێتی نیشتیمانی کوردستان) کە بەڕێکەوت، بەندەشی تیابوو؛ ئەوکات ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی و ئەندامی مەکتەبی عەسکەری بووم و (شەهید عەلی عەسکەری) لێپرسراوی هێزی پێشمەرگە و مەکتەبی عەسکەری بوو. بە هیچ جۆرێک ئەوە راستنییە کە ئەو هێزە بەڕێکەوتبێت بۆ لێدان و لەناوبردنی (قیادەی مۆقەتە)، هێزێک بۆ شەڕ بچێت، 200 پێشمەرگەی بێ چەک نابات لەگەڵ خۆی, هێزەکەمان نزیکەی 800 پێشمەرگە بوو، 200 ی بێ چەک بوون.

ئامانجی سەرەکیمان ئەوە بوو کە بچینە بادینان و لەوێوە بۆ سەر سنوری سوریا بۆ وەرگرتنی چەک، کە بەشێکی لیبیا پێیدابووین و بەشێکی مقاوەمەی فەڵەستینی، بەتایبەتی جەبهەی شەعبی و جۆرج حەبەش. ئامانجی دووەممان ئەوە بوو کە لەگەڵ (شێخ حسین بابە شێخ) ماوەیەک لە بادینان بمێنینەوە، هەتا هێزەکەی تەواو جێگیر دەبێ و بنکە و بارەگا دائەنێن.
دووەم، ساڵی 1975دوای رێکەوتننامەی جەزائیر لە نێوان عێراق و ئێران، بەسەرپەرشتی (محمد ڕەزا شای ئێران و سەدام حسێن) و نسکۆی شۆڕشی ئەیلول کە خۆم پێشمەرگە بووم تێیدا، برادەرانی پارتی چوونە کەرەج، نزیک لە تارانی پایتەختی ئێران، تا رادەیەک برادەرانی پارتی پەیوەندیان لەگەڵ ئێران و عێراق و تورکیادا ئاسایی بوو.
ساڵی 1978 کە کارەساتی هەکاری روویدا، بەشێک لە برادەرانی پارتی لە کەرەج بوون و بەشێکیان بە ناوی قیادەی مۆقەتەوە لە شاخ بوون. هێشتا شای ئێران و سەدام لە حوکمدا بوون و لە سایەی ڕێکەوتننامەی جەزائیرەوە پەیوەندیان لەگەڵ پارتیدا باش بوو.

کاک (کەمال کەرکوکی) باسی نزیکی (شەهید عەلی عەسکەری و یەکێتی) دەکات لە حکومەتی عێراقەوە، بەبێ پیشاندانی هیچ بەڵگەیەک. چۆن دەکرێت هێزێک لە یەک کاتدا نزیک بوبێت لە عێراق و لە سوریاشەوە، لە کاتێکدا سەدام حسێن و حافز ئەسەد دوژمنی سەرسەختی یەکتر بوون.

لەو کاتەدا ئێمە تەنها لەگەڵ سوریا و لیبیا و هەندێک لە فەڵەستینیەکاندا نێوانمان باش بوو. بۆیە لە عێراق و ئێران و تورکیاش پەلاماردراین. چەند ساڵێک بەر لەوە (خاڵە شەهاب و شەهید جەعفەر و شەهید ئەنۆر زۆراب) لە ئێران گیران و تەسلیمی عێراق کرانەوە و لە سێدارە دران.

لە کارەساتی هەکاریدا، ئێران و عێراق وەکو دەوڵەت لێیانداین، لە تورکیاش کۆمەڵێک هۆزی نزیک لە پارتیەوە لێیانداین. دواجار قیادەی مۆقەتە پەلاماریان داین و بە ئەسیری (کاک عەلی عەسکەری و دکتۆر خالید و کاک حسێن بابە شێخ)یان شەهید کرد.

سێیەم، شەهیدان (عەلی عەسکەری و دکتۆر خالید و شێخ حسین بابە شێخ) قاڵبووی شۆڕش و پێشمەرگایەتی و نمونەی سەرکردەی بوێر و چاونەترس و ئازابوون. من لە رووی هەڵسوکەوت و ئەرکی لێپرسراوێتی لەناو هێزی پێشمەرگە، خۆم بە قوتابی شەهیدان (عەلی عەسکەری و دکتۆر خالید) دەزانم و زۆر شتی باشیان لێوە فێربووم.

ئەو کاتانەش کە رەوانشاد (مام جلال و کاک نەوشیروان) گەڕانەوە بۆ وڵات لە هەردووکیان زۆر نزیک بووم و بە درێژایی 25 ساڵ لەگەڵ مام جەلال لە نزیکەوە کارم کردووە، دوای وازهێنانیشم لە کاری حیزبی، هەر پەیوەندیمان بەهێز بووە، هیچ کات هەستم نەکردووە کە ئینسانێکی داخ لە دڵ بێت، بەڵکو نموونەی سەرکردەی جوامێر و لێبوردە بووە.

هەمیشە هەستم دەکرد پەیوەندی رۆحی لە نێوان مام جلال و شەهیدان (عەلی عەسکەری و دکتۆر خالید)هەیە، چونکە لە سەرەتای شۆڕشی ئەیلولەوە پێکەوە کاریان کردووە. هەر (مام جەلال)یش پێشنیاری کرد کە شەهید (عەلی عەسکەری) ببێتە فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی یەکێتی.

شەهید (شێخ حسێن بابە شێخ)یش لە سوریاوە لەگەڵ مام جەلال گەڕایەوە و پەیوەندیەکی قووڵ و برایانە لە نێوانیاندا هەبوو، کەس لە ئێمە هەستی نەکردووە ناکۆکیەک یان ساردوسڕیەک هەبێت لە نێوان (مام جەلال) و شەهیدان (عەلی عەسکەری و دکتۆر خالید و شێخ حسین بابە شێخ)دا.

ئەوەندەی شەهیدان (عەلی عەسکەری و دکتۆر خالید و شێخ حسێن بابە شێخ)م ناسیبێ، پیاوی ئەوە نەبوون لە پێناوی رزگارکردنی گیانی خۆیان پاکانەیان بۆ هیچ کەس و لایەنێک کردبێت.
شێواندنی مێژووی یەکتر سوود بە هیچ لایەک ناگەیەنێت، نەدەبوو کاک کەمال قەتماغەی ئەو برینە هەڵبداتەوە؛ وەکو هەڵشیدایەوە دەبوو بەڵگە و دەستخەتی شەهیدان (عەلی عەسکەری و دکتۆر خالید و شێخ حسین بابە شێخ) ی پیشان بدایە، نەک بەبێ بەڵگە قسە بخاتە پاڵیان، نەمری بۆ شەهیدان (عەلی عەسکەری و دکتۆر خالید و شێخ حسێن بابە شێخ) و سەرجەم شەهیدانی کوردستان.

 

 

بابەتی پێشتر

رێژەی فرۆشتنی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندییەوە بەرزبووەوە

بابەتی دواتر

راوێژکاری سودانی: جێبەجێکردنی یاسای بودجە کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر ئابوریی وڵات دەبێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share