لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەت داوایەك ئاراستەی دایك و باوكان دەكات

پشكنین بۆ كاڵا و خۆراكی دوكانكار و بازرگانان لە سلێمانی بەردەوامە و سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتیش سەبارەت بە خواردن و خواردنەوە داوایەك ئاراستەی دایك و باوكان دەكات.

بۆ پشکنینی ئەو کاڵا، شمەک و خواردەمەنیانەی لەلایەن دوکاندار و بازرگانانەوە بە هاوڵاتیان دەفرۆشرێن، قائیمقامیەتی سلێمانی لەڕێگەی 44 لیژنەی جیاوازەوە چاودێری شوێنەکان دەکات.

رێکان جەمال، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، ئەمڕۆ لیژنەکانیان سەردانی کارگەکانی سەهۆڵ، ساردەمەنی، کۆگاکانی عەمبارکردنی خواردەمەنی، بەشێک لە دوکان و بازاڕ و شوێنە گشتییەکان-یانکرد.

وتیشی، “بەهۆی بەرزبونەوەی پلەی گەرما و مەترسیی بڵاوبوونەوەی پەتای سکچوون و رشانەوە، لیژنەکان بەشێوەیەکی بەردەوام سەردانی کارگەکانی سەهۆڵ و ساردەمەنی دەکەن و پشکنین بۆ ئەو ئاوە دەکەن کە بەکاریدەهێنن لەگەڵ تەواوی چێشتخانە و ریستۆرانت و خواردەمەنییەکان”.

داواشی لە دایکان و باوکان كرد بۆ پاراستنی تەندروستی خۆیان و منداڵەکانیان خۆیان لە خواردن و خواردنەوەی بەر تیشکی خۆر و پلەی گەرمی بەرز بەدووربگرن، چونکە رێنماییە تەندروستییەکان هەمیشە جەختی لێدەکەنەوە.

ئەندامانی لیژنە جیاوازەکانی قائیمقامیەت، بەپێی تایبەتمەندی و پسپۆڕییە جیاوازەکانیان کار و چالاکی رۆژانەیان رادەپەڕێنن، لەکاتی بوونی سەرپێچی بە فەرمانی قائیمقامی سلێمانی پسوڵە بۆ شوێنەکە و خاوەنەکەشی دەكەن.

بابەتی پێشتر

گەڕان بۆ دۆزینەوەی قوربانیی دووەمی رووداوەكەی دوكان بەردەوامە

بابەتی دواتر

بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ گیانلەدەستدانی کاروان عەلی شامار پەیامێکی بڵاوکردەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share