حیان عەبدولغەنی: نەوتی سەرجەم کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم وەردەگرین

وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، بەپێی رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد نەوتی سەرجەم کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم وەردەگرن و لە رێگای کۆمپانیای سۆمۆوە بەبازاڕ دەکرێت.

حیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، “دوای ئەوەی رێککەوتنى سێ قۆڵى لە نێوان حکومەتى فیدراڵى وەزارەتى سامانە سروشتییەکان و کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانى نەوت بە سەرکەوتوویی واژۆ کرا، بۆ یەکەمجار دواى زیاتر لە 20 ساڵ نەوتى بەرهەمهێنراوى هەرێمى کوردستان رادەستى کۆمپانیاى سۆمۆ دەکرێت، سەرەتاش وەک قۆناغى یەکەم رۆژانە لە نێوان 180 بۆ 190 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکرێت”.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا بەرهەمى رۆژانەى کێڵگەکانى نەوتى هەرێم لە نێوان 240 بۆ 250 هەزار بەرمیلە کە بەپێی رێککەوتنەکە 50 هەزار بەرمیلى بۆ بەکارهێنانى ناوخۆیی دەبێت.

ئاشکراشیکرد، ئەو بڕە نەوتەى لە هەرێمى کوردستانەوە هەناردە دەکرێت بۆ ئەو نەوتە زیاد دەبێت، کە لە رێگەى بەندەرەکانى بەسرە هەناردە دەکرێت و رۆژانە سێ ملیۆن و 400 هەزار بەرمیلە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی داهاتی نەوتی عێراق زیادبوونی بەرچاو بەخۆیەوە ببینێت.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share