روانگەی عێراقی بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رووبەڕووی مەترسیی زۆر دەبنەوە کە ئامانج لێی سنووردارکردنی چالاکییە سیاسییەکانیان و رێگرتنە لە بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکاندا.
روانگەی مافەکانی مرۆڤ لە راپۆرتێکدا بڵاویکردووەتەوە، “ئەو نوێنەرانە سەر بە پارتە تازەکانن و بەشێکیشیان سەر بە هیچ لایەنێکی سیاسی نین و بە سەربەخۆ ناسراون”.
روانگەی عێراقی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە درێژەی راپۆرتەکەیدا رایگەیاند، “ئەو تەحەددایانەی رووبەڕووی ئەم کۆمەڵە پەرلەمانتارە بوونەتەوە لە چەند مانگی رابردوودا رووبەرێکی فراوانتری گرتووەتەوە و هەندێکیان بۆ ڕای گشتی دەرکەوتوون و هەندێکی تریش دەرنەکەوتوون لە ترسی کاردانەوە لەسەر ئەو پەرلەمانتارانە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “لە نێو ئەو تەحەددا و مەترسیانەدا داخستنی فەرمانگەکان و دەرکردن لە لیژنە گرنگەکانی پەرلەمان و هەوڵدان بۆ ئاستەنگکردن لە چالاکییەکانیان و کارکردنیان لەناو پەرلەمان و وەڵامنەدانەوەی پەیوەندییە فەرمییەکانیان کە ئاراستەی دامودەزگاکانی دەوڵەت دەکەن، بەپێی ئەو چاوپێکەوتنانەی کە ئەنجامدراون”.