کۆچی نایاسایی بۆ وڵاتانی ئەوروپا زیادیکردووە، لە عێراق و هەرێمی کوردستانیشەوە لەمساڵدا زیاتر لە 11 هەزار کەس کۆچیان کردووە.
ئاری جەلال، سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا لە عێراق و هەرێمی کوردستانەوە 11 هەزار و 500 کەس، بەرەو وڵاتانی ئەوروپا کۆچیان کردووە، لەو ژمارەیە پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە و دوو کەسیش بێسەروشوێن بوون.
“لە وەرزی هاویندا کۆچی نایاسایی زیاد دەکات، هەروەها داواکاریی بۆ وەرگرتنی ڤیزا لە کونسوڵخانەکان و بەتایبەت تورکیا زیاد دەکات، چونکە تورکیا دەروازەیەکی سەرەکییە بۆ کۆچکردن بەرەو وڵاتانی ئەوروپا”، ئاری جەلال وای وت.
بەپێی ئامارەکانی دەزگای لوتکە، ساڵی رابردوو 71 هەزار و 225 کەس لە عێراق و هەرێمی کوردستانەوە کۆچیان کردووە، لە ماوەی هەشت ساڵیشدا (2015-2022)، 740 هەزار و 823 کەس کۆچیان کردووە، کە 314 کەسیان گیانیان لەدەستداوە.
بەپێی ئامارەکان لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاکو کۆتایی مانگی حوزەیران، 132 هەزار و 370 کەس لە جیهاندا بە شێوەی نایاسایی هەوڵیانداوە خۆیان بگەیەننە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا و رێژەکەش بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، 10% زیادیکردووە.