جارێکی دیکە دانیشتنی دادگای فیدڕاڵی لەسەر یاسای هەڵبژاردنی هەرێم دواخرا

دادگای باڵای فیدراڵی

بڕیار بوو ئەمڕۆ دانیشتنی دادگای فیدڕاڵی لەسەر ئەو سکاڵایەی پەیوەستە بە یاسای هەڵبژاردنی هەرێم بەڕێوەبچێت، بەڵام دانیشتنەکە بۆ رۆژی 3ی مانگی داهاتوو دواخرا.

ئەمڕۆ دوای چەندین جار داواخستنی دانیشتنی دادگای فیدڕاڵی لەسەر سکاڵاکەی سەر یاسای هەڵبژاردنی هەرێم جارێکی دیکە ئەو دانیشتنە بۆ 3ی کانونی یەکەمی 2023 دواخرا.

سکاڵاکە لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە دژی هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم تۆمارکراوە.

لە سکاڵاکەدا زیاد جەبار، سەرۆکی پێشووی فراکسیۆنی یەکێتی داوای زیادکردنی کورسیی گشتی دەکات، چونکە لە یەکەم خولی ھەڵبژاردن لە 19ی ئایاری 1992 یەک ملیۆن دەنگدەر ھەبووە، بەڵام کورسیی پەرلەمان 100 کورسیی گشتی و پێنج کورسیی کۆتا بووە، بەڵام ئێستا کە ژمارەی دەنگدەر گەیشتووەتە سێ ملیۆن و نیو لە سکاڵاکە دەڵێت، دەبێت کورسیی گشتی زیادبکرێت بەپێی بەراوردی ژمارەی دەنگدەرانی ئێستا لەگەڵ رابردوو.

لە بەشێكی دیكەی سکاڵاکە دەڵێت، ھەڵبژاردن پێویستە لە یەک بازنەییەوە بگۆڕێت بۆ فرەبازنەیی، چونکە کۆمسیۆنی عێراق سەرپەرشتی دەکات دەبێت وەک ھەڵبژاردنەکانی دیكەی عیراق فرەبازنە بێت، چونکە لە عێراق کار بە سیستمی یەک بازنە ناکرێت.
سكاڵاكە باس لە كورسی كۆتاكان دەكات و دەڵێت، لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە کۆی 329 کورسی پێنج کورسی کۆتا ھەیە، بەڵام لە ھەرێم لە کۆی 111 کورسی 11 کورسیی کۆتا ھەیە.

 

 

بابەتی پێشتر

ژمارەیەک پاشماوەی تەقەمەنیی جەنگی لەناوبران

بابەتی دواتر

هالاند و ڕۆدری ئامادەن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share