نوێترین زانیاری لەبارەی ناردنی پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم

شاندێكی فراكسیۆنی یەكێتی لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبووەوە و ئەندامێكی شاندەكەش لە زاری سودانی-یەوە دەڵێت، سبەی یان دووسبەی پارەی مووچە رەوانە دەكرێت.

ئێوارەی ئەمڕۆ شاندێكی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە پێکهاتبوون لە سەرۆک و ژمارەیەک لە ئەندامانی فراکسیۆن لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق كۆبووەوە.

كاروان یاروەیس، پەرلەمانتاری یەكێتی و ئەندامی شاندەكە رایگەیاند، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەڵێنیدا كە سبەی یان دووسبەی پارە رەوانەی هەرێم دەکەن بۆ دابەشکردنی مووچە.

لەبارەی كۆبوونەوەكەوە فراکسیۆنی یەکێتی راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا هاتووە، فراكسیۆنەكەیان کۆمەڵێك داخوازیی هەنووکەیی خەڵکی کوردستانی خستە بەردەم سەرۆک وەزیران، کە گرنگترینیان بریتی بوون لەمانە:

1. ناردنی پشکی هەرێم یاخود سلفەیەک بۆ دابەشکردنی مووچە لە هەرێمی کوردستان، کە نزیکەی دوو مانگە دابەشنەکراوە و بارگرانیەکی زۆری دروستکردوە، لەمبارەیەوە سەرۆک وەزیران جەختیکردەوە لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا پارە بۆ هەرێم دەنێرین بۆ مووچە.

2. تەرخانکردنی بودجەیەک وەکو دیاری سەرۆک وەزیران بۆ پارێزگای هەڵەبجە.

3. داننان بە زانکۆکانی گەرمیان، چەرموو و راپەرین لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراقەوە.

4. تەرخانکردنی بودجەیەکی دوو ملیار دیناری بۆ ئەنجامدانی پشکنینی DNA بۆ 171 روفاتی ئەنفالکراوانی گەرمیان کە ئێستا لە پزیشکی دادی بەغدادن.

5. ئەنجامدانی پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە- چەمچەماڵ، کە کێشەی ئاوی خواردنەوەی چەمچەماڵ چارەسەردەکات، وەک دیارییەک بۆ پایتەختی ئەنفالکراوانی کوردستان.

6. دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە دەستنیشانکردنی پێشوەختەی شێرپەنجە لە سلێمانی.

7. چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ لابردنی ئابڵوقەی ئاسمانی لەسەر فڕۆکەخانەی سلێمانی.

8. چارەسەرکردنی کێشەی زەویوزاری کشتوکاڵیی جووتیارانی کوردی کەرکوک و دەوروبەری، بۆ ئەم مەبەستە سەرۆک وەزیران رایگەیاند لەگەڵ وەزیری دادی عێراق قسەیان کردوە و بڕیاریدا لیژنەیەکی لە وەزارەتە پەیوەندارەکان و ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و پەرلەمانتارانی پارێزگاكە پێکبهێنرێت.

9. راگرتنی هاوسەنگی لە پۆستە ئیدارییەکان و دامەزراندن لە کەرکوک و ناوچە کوردستانیە دابڕێنراوەکانی دیكە.

10. دروستکردنی بەنداو بۆ گڵدانەوەی ئاو بۆ رووبەڕووبوونەوەی کێشەی کەمئاوی.

لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا هاتووە، سەرۆک وەزیران سوپاسی هەڵوێست و سیاسەتی هاوسەنگ و بەرپرسیارانەی یەکێتی کرد لە مامەڵەکردن لەگەڵ کێشە سیاسییەکانی عێراق و پاڵپشتیکردنی حکومەتی عێراق.

سەبارەت بە داخوازییەکانی فراکسیۆنی یەکێتی-یش سەرۆک وەزیران رایگەیاند، هەموو داواکارییەکان تاوتوێدەکەین و بڕیاری پێویستی لەبارەوە دەدەن.

بابەتی پێشتر

ئەنجامدانی جۆرە نەشتەرگەرییەك لە هەرێم قەدەغە دەكرێت

بابەتی دواتر

ماهیر حەسەن، ئەحمەد جۆڵا و رێشان حەمۆ پێکەوە لە فیلمێکی سینەماییدا بەشداریدەكەن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share