سەردەمی باڵادەستی کۆتاییهات؟ یوڤانتۆس کەوتووەتە دوای زەبەلاحەکانی میلان

یانەی یوڤانتۆس لەم وەرزەدا ئاستی بەپێی پێویست نەبووە

یانەی یوڤانتۆس کە نۆ نازناوی لەسەریەکی خولی ئیتاڵیای چنیوەتەوە، لەم وەرزەدا دووچاری ئاستەنگی هاتووە و کەوتوونەتە دوای یانەکانی میلان و ئینتەرمیلان، لە ئێستادا ڕکابەری یانەکانی ناپۆلی و ڕۆما دەکەن.

پێکهاتەی ئەندریا پێرلۆ لەبەر چەندین هۆکار توانای چنینەوەی نازناوی دەیەمی سکۆدیتۆی نییە، هۆکارەکانیش ئەمانەن:

کۆتاییهێنان بە هێرشەکان

سەرەڕای ئەوەی لەڕووی ژمارەییەوە هێڵی هێرشبەری یوڤانتۆس بەهێز دەرکەوتوون بە تۆمارکردنی 25 گۆڵ و تەنها 13 گۆڵیان لەسەر تۆمارکراوە، بەڵام هێرشبەران لە نمونەی کریستیانۆ و مۆراتا تەواوی هەلەکانیان نەقۆستووەتەوە و بەپێی پێویست دەرنەکەوتوون.

هەڵەی بەرگری

هێڵی بەرگری لەلایەن لیۆناردۆ بونۆچی و ماتیاس دی لێختەوە ڕابەرایەتی دەکرێت، سەرباری گەورەیی و گرانبەهایی بەرگریکاران، بەڵام ناوبراوی یەکەم لەسەر هەڵە تاکە کەسییەکانی بەردەوامە، بەرگریکارە هۆڵەندییەکەش نەیتوانیوە لە خولی ئیتاڵیا قەرەبووی ئەو نرخە خەیاڵیە بکاتەوە کە پێیدراوە.

هێڵی هێرشبەری یواڤی لەم وەرزەدا یەکلاکەرەوە نەبووە

پێرلۆ باوڕپێهێنەر نییە

ئەو گومانانەی لەسەرەتای دەستبەکاربوونیەوە وەک ڕاهێنەری بیانکۆنێری لەبارەیەوە بوونیان هەبوو، تاوەکو ئێستا بەردەوامن، سەرەتا کێشە لە بەشدارینەکردنی کریستیانۆدا بوو، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە: کە ئێستا کریستیانۆ گەڕاوەتەوە ترۆپکی تواناکانی، دەبێت هۆکار چی بێت پێرلۆ ناتوانێت سەرکەوتوو بێت؟

دیبالا خۆی نادۆزێتەوە

وێنای ئەفساوناوی پاولۆ دیبالا لەبەرچاوی هاندەران ونبووە، لەم وەرزەدا تەنها هەشت یاری بەشێوەی سەرەکی بەشداریکردووە، پێرلۆ نەگەیاندووەتە ئەو باوەڕەی لە پێکهاتەی سەرەکیدا جێگەی بکاتەوە، بەتایبەت لە یارییە گەورەکاندا ئاستی باش نەبووە، لە کۆتا یاری بەرانبەر فیۆرنتینا و دۆڕاندن بە ئەنجامی سێ گۆڵی بێوەڵام بەڵگەیە و گەڕانەوە و خۆدۆزینەوەی ئەم یاریزانە ڕەنگە داهاتووی یانەکە بگۆڕێت.

ماتیاس دی لێخت و لیۆناردۆ بونۆچی، بەرگریکارانی یانەی یوڤانتۆس

بەهێزی میلان

ئەی سی میلان لەم وەرزەدا نادۆڕێت، شێوازێکی هێرشبەری ڕاستەوخۆ و ئاشکرای هەیە، ئامانجی سەرەکی بردنەوەیە و بووەتە دێوەزمەی گەورە و بچووکی خولی ئیتاڵیا، بوونی زڵاتان متمانەیەکی زۆری بە پێکهاتەکە بەخشیوە و یوڤانتۆسی ناچاری پلەکانی چوارەم و پێنجەم کردووە، شارەزایان پێیان وایە تاوەکو ڕۆسۆنێری لە سەرکەوتن ڕانەوەستێتەوە یوڤی لەم وەرزەدا مەحاڵە لوتکەی کالچیۆ بگرێتەوە.

بابەتی پێشتر

ئاهەنگەكانی سەری ساڵ لە هۆڵ و هۆتێلەكان قەدەغەكرا

بابەتی دواتر

چاوەڕواننەکراو.. ڕاهێنەری پاریس سانت جێرمان دووردەخرێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share