میقداد شێخ بەهادین: بوونی سەرۆک بافڵ لە بەغداد گـرەنتیـیەکی گەورەیە بۆ زامنکردنی مافە دەستوورییەکان

میقداد شێخ بەهادین ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی رایگەیاند، سەركردەی نیشتمانی و بەرپرسیارو دڵسۆز بۆ میللەت و خەڵكەكەی لە پرسە چارەنوسساز و مێژوویەكاندا دەردەكەوێت، دەشڵێت بوونی سەرۆک بافڵ لە بەغداد گرەنتـیەکی گەورەیە بۆ زامنکردنی مافە دەستوورییەکان، ئەم هەرێمه بــە قوربانی و خـەباتی بـێووچانی یەکێتی دروستبـووە و هــەر ئەویش دەیـپارێزێت.

میقداد شێخ بەهادین ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی لە پۆستێکدا کە لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە نووسیویەتی، ” سەركردەی نیشتیمانی و بەرپرسیارو دڵسۆز بۆ میللەت و خەڵكەكەی لە پرسە چارەنوسساز و مێژوویەكاندا دەردەكەوێت، كاتێك وڵات و هاووڵاتیەكانی دەكەونە بەر مەترسی و قەیرانەوە دەبێتە نوێنەر و پارێزەر و بەرگریکرکردن لە هەق و مافە رەواكانیان، زۆرجاریش بۆ بەدەستهێنانی ئەو ماف و بەرژەوەندییە باڵانە پۆست و پلە و عورفە سیاسی و پرۆتۆكۆڵیەكان پێویستە وەلاوە بنـرێن، چونكە دواجار داهاتووی میللەت و نیشتیمان گرنگترە لە حیزب و سەركردە و پۆست و پلەو كورسیەكانیان”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، “کاتێک لە ساڵی 2008 بە هۆی لێدوانێكی سیاسیەوە كێشەیەكی گەورە لە نێوان هەرێم و دەوڵەتی توركیادا دروستبوو، تا گەیشتە رادەی هەڕەشەی لەشكركێشی و هێزهێنانە ناو خاكی هەرێم، لەوكاتەدا مامی رابەر و خەمخۆرو دانا بەبێ گوێدانە پێگە و پۆستەکەی، کە سەرۆک کۆماربوو، قوربانی بەخۆیدا و سەرەڕای نالەباری دۆخی تەندروستیی و هەڵسوكەوتی نا پرۆتۆكۆڵیانەی دەوڵەتی توركیا خۆی گەیاندە ئەو وڵاتە و هەرێمی لە مەترسیەكی حەتمی دەربازكرد، بەبێ ئەوەی گرنگی بەوە بدات چۆن پێشوازی لێدەكرێت و كێ پێشوازی لێدەكات و کاردانەوەکان چین، چونكە ئامانجی ئەو پاراستنی خاك و بەرژەوەندی كوردستان بوو نەك شتیـتر، ئێستاش سەرۆك بافڵ بە هەمان میتۆد و بیركردنەوەی مام بۆ بەرگری لە قوت و بژێوی خەڵك و مووچەی موچەخۆران، بەبێ ماندووبون لە هەموو دەرگا دیبلۆماسیەكان دەدات بۆ ڕێككەوتنی ناوخۆیی لەهەرێم و لە عێراق”.

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی لە بەشێکی دیکەدا نووسیویەتی، “یەکێتی بە درێژایی مێـژووی خــۆی، خەباتی لە پێناو بەرژەوەندییە باڵاکانی خەڵکی کوردستان بووە و ئەو تێزەش وەکو میراتێکی فـیکری و نەریتگەرایی و کەڵچەری سیاسی و لەنێو فــەرهەنگی ژیانی حیزیایەتیدا بـووەتە باوەڕێکی جێگیر و نــەگۆڕ و چەسپاو و لە هیچ قۆناغ و وێستگە و سەردەمێکیدا یەکێتی لەبەرەی گەل نەترازاوە، بۆیە سیاسەت لای یەکێتی پێش ئەوەی مەکسەب و مەیلی حیزبی بێت مۆڕاڵ و ئەخلاقی فیکری و بەرپرسیارێتی نیشتیمانیە وهەرگیز لەگەڵ سیاسەتی ئیزدیواجیەت و پینە و پەڕۆکردندا نەبووە”.

لە کۆتاییشدا جەختیلەوەکردووەتەوە، ” گەڕانەوە بــۆ بژاردەی دروست و راستکردنەوەی هەڵەکان، پێداچوونەوە بە کۆی پرۆسە و جومگەکانی حکومڕانی و هێنانە کایەی کەشێکی لەبار بۆ تەبایی و یەکڕیزی نێوان لایەنەکان و نەهێشتنی غروری سیاسی و قبوڵکردنی یەکتر، رێگە دروستەکەیە بۆ دووبارە بوژانەوەی ژیان و گێرانەوەی ئینتیمای خەڵک و دوورخستنەوەی مەترسیە جدییەکان لەسەر قەوارەکەمان”.

بابەتی پێشتر

ئانۆ جەوهەر: هێڵی ناوخۆیی شەمەندەفەر بۆ كوردستان دادەنرێت

بابەتی دواتر

كۆشك و سەكۆكانی چیای ئەزمڕ و گۆیژە تێكدران

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share