پێدەچێت دایكێكی تەمەن 32 ساڵ یەكەم ژن بێت لە بەریتانیا سێ منداڵ بە یەك جار و لە دوو منداڵدانی جیاوازەوە بهێنێتە دنیاوە، وەك ئەوەی ڕۆژنامەی “دەیلی مەیل” بڵاویكردوەتەوە.
ڕۆژنامەكە ڕوونیكردوەتەوە، میلانی باسیت كە لە ناوچەی واترلۆفیل-ی سەر بە شاری هامبشایر نیشتەجێیە پێشتر كوڕ و كچێكی بووە، بەڵام ئەمجارە تووشی سەرسوڕمان بووە كاتێك پزیشكان پێیان وتووە كە دووگیانە بە دوانەیەكی لەیەكچوو لە یەكێك لە منداڵدانەكانی و، منداڵی سێیەمیش لە منداڵدانی دووەمی.
منداڵدانی دووانە دیاردەیەكی پزیشكی دەگمەنە كە لەنێو ژنێك لە كۆی 500 ملیۆن ژندا ڕودەدات، كە نابێتە ڕێگر لە بەردەم دووگیان بوون و وەچە خستنەوە، بەڵام قورسایی زۆر بۆ دایكەكە دروستدەكات جگەلە مەترسی لەدایكبوونی پێشوەختە.
لەمیانەی دووگیان بوونەكەیدا پزیشكان ترسیان هەبووە لە توشبوونی منداڵەكان بە گرفتی گواستنەوەی خوێن (TTTS) كە دیاردەیەكی دەگمەنە و بریتییە لە گواستنەوەی خوێن لە منداڵێكەوە لەڕێی وێڵاشەوە بۆ ئەوی دیكە و، بەهۆیەوە ڕێژەی مردن لە بارە دژوارەكاندا لە 60 بۆ 100%، بەڵام سەبارەت بە میلانی كارەكە بێ گرفت بەڕێوەچوو.
دایكەكە دەڵێت لەكاتی دووگیان بوونەكەیدا بە شەقدان لە سكی لە هەردوولاوە ڕاهاتووە، هەندێكجاریش كۆرپەكانی سكی لەنێو خۆیاندا شەڕیان كردووە.
وتیشی، “هەستم بە ماندوبوونێكی زۆر دەكرد شەو و ڕۆژ، دەبوو لەهەمان كاتدا گرنگی بە هەردوو منداڵەكەم فیبی و بلیك-یش بدەم”.
هەروەك خۆشحاڵی خۆیشی دەربڕی بەوەی بووەتە دایكی پێنج منداڵ و بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی یەكەم كریسمسە كە تیایدا بۆ یەكەمجار لەگەڵ هەندێكیاندا كۆدەبێتەوە.