سلێمانی.. رۆژنامەنووس و چالاكوانان گردبوونەوەی ناڕەزاییان دژ بە سزادانی شێروان شێروانی ئەنجامدا

دژ بە بڕیاری دووبارە سزادانی شێروان شێروانی، ژمارەیەك لە رۆژنامەنووس و چالاكوانان لە سلێمانی گردبوونەوەی ناڕەزاییان ئەنجامدا.

گردبوونەوەكە بە نوێنەرایەتیی 150 رۆژنامەنووس و 17 دەزگای میدیایی ئەنجامدرا، سەرەتا كەمال رەئوف، بەیاننامەی رۆژنامەنووسانی خوێندەوە و رایگەیاند، لەكاتێكدا 100 ساڵ بەسەر پەیماننامەی لۆزاندا تێدەپەڕێت، دەبوو لەبری ئەوەی لەسەر خەمی دادگایەكی نادادپەروەرانە لەسەر یەكێك لە هاوپیشەكانمان كۆببینەوە و قسە بكەین، دەبوو لە خەمی نیشتمان و لە خەمێكی دیكەدا كۆببووینایەتەوە.

وتیشی، “ئێمە هەست دەكەین رۆژ بە رۆژ ئازادیی رادەربڕین لە هەرێمی كوردستاندا بەرتەسك دەكرێتەوە، بە بەرنامە و سیستماتیك كاری لەسەر دەكرێت”.

دواتریش كاروان ئەنوەر، سكرتێری لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان وتەیەكی پێشكەشكرد و رایگەیاند، هێزێك هەیە، دەسەڵاتێك هەیە، رۆژنامەنووس وەك دوژمن سەیر دەكات.

وتیشی، “هێزێك هەیە، نایەوێت وشە ئازاد بێت، نایەوێت بیركردنەوە ئازاد بێت، نایەوێت رۆژنامەنووس كار و ئەركی خۆیان جێبەجێ بكەن”.

دیاری محەمەد، بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە رۆژنامەنووسان وتەیەكی پێشكەشكرد و رایگەیاند، دوای فشارەكان لە ناوخۆ، هەروەها لەلایەن رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان، كونسوڵخانە و نوێنەرایەتیی وڵاتانەوە، ئومێدەواربووین حكومەتی هەرێم لە پرۆسەی دادگاییكردندا زەمینەی پرۆسەی دادگاییكردنێكی دادپەروەرانە بڕەخسێنێت، بەڵام بەداخەوە جارێكی دیكە بینیمان چۆن شێروان شێروانی لە دادگا دووبارە سزادرا و حكومەت نەیتوانی دادگاییەكی دادپەروەرانە فەراهەم بكات.

هەروەك بڕیارەكەی دادگای دەرهەق بە شێروان شێروانی بە “توند و نامرۆڤانە” ناوبرد.

بابەتی پێشتر

رێواز فایەق: دۆسیەی سزادراوانی بادینان دەرگای بەسەر دۆزەخێكدا كردووەتەوە كە داخستنی هەروا ئاسان نیە

بابەتی دواتر

ژمارەیەک لە تاکسییەکانی رووباری دیجلە سووتان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share