لە کاتێکدا پلەکانی گەرما لە سەرانسەری جیهان بەشێوەیەکی چاوەڕاننەکراو بەرز دەبنەوە، توێژەران زۆرترین ناوچەی بەرکەوتەی خۆریان لەسەر زەوی دەستنیشان کردووە کە هەندێکیان هاوشێوەی هەسارەی زوهرەن لە بەرکەوتنی خۆردا.
یەکێک لەو ناوچانە دەشتی ئەلتیپیلانۆیە لە بیابانی ئەتاکاما لە ئەمریکای باشوور، بیابانی ئەتاکاما تا رادەیەکی زۆر بە وشکترین بیابانی جیهان ناودەبرێت، ئەمەش بەهۆی هەڵکەوتەی نێوان زنجیرە چیای کۆردیلێرا دی لا کۆستا لە رۆژئاوا و چیای ئەندێس لە رۆژهەڵات، بەرزی دەوروبەری لە 5 بۆ 16 هەزار پێ دەگۆڕێت.
هەروەها ئەم ناوچەیە هاوشێوەی هەسارەی زوهرەیە کە نزیکترە لە خۆرەوە بەراورد بە زەوی، بەو پێیەی تیشکی خۆری زیاتر وەردەگرێت لە هەموو شوێنێکی دیکەی هەسارەکە.
توێژەران رووبەرەکەیان دیاریکردووە، لەسەر بنەمای پێوانەکردنی “پێوەرەکانی تیشکی خۆری جیهانی”، کە تێیدا “بڕی ئەو وزەی رووناکییەی کە لە خۆرەوە دەگاتە زەوی” دەپێون، بەو پێیەی لە دەشتی ئاڵتیپیلانۆ گەیشتووەتە 2177 وات لە هەر مەتر چوارگۆشەیەکدا، ئەمەش زۆر زیاترە لەو تیشکەی کە دەگاتە بەرگەهەوای سەرەوە، کە 1360 وات لە هەر مەتر چوارگۆشەیەکدا وەردەگرێت.
لای خۆیەوە رائول کۆردیرۆ، لێکۆڵەری کەشوهەوا لە زانکۆی گرۆنینگن لە هۆڵەندا رایگەیاند، ئەو تیشکانەی کە دەگاتە ئەم ناوچەیە کە دووەم بەرزترین فەلاتە لە جیهاندا، هاوتایە لەگەڵ ئەوەی کە رووبەری زوهرە وەریدەگرێت، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم بەراوردکردنە بە پلەی “باوەڕپێنەکراو” جێگەی سەرسوڕمانە، چونکە زوهرە نزیکەی 28% لە خۆرەوە نزیکترە بەراورد بە زەوی.
روونیشی کردەوە، تێکڕای ناوەندی توانای وزەی خۆر لە شاری ئاڵتیپیلانۆ دوو هێندە زیاترە لە ناوەڕاستی ئەوروپا و کەناراوەکانی رۆژهەڵاتی ئەمریکا.
توێژەران هۆکاری بەرکەوتنی ئەم ناوچەیەیان بۆ تیشکی خۆر لە ئاستێکی بەرزدا گەڕاندەوە، سەرەڕای بوونی دەشت و تەختەی بەرزتر لە خۆی، بۆ ئەوەی هەورەکانی ناوچەکە تەنکن، بەو پێیەی هەورەکان زۆرجار ڕێگری لە تیشکی خۆر دەکەن یان تیشکەکە دەگێڕنەوە بۆ بۆشایی ئاسمان.