بەپێی ئاماری فەرمیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا 289 منداڵ لەکاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوە لە دەریای ناوەڕاست بۆ گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپا، گیانیان لەدەستداوە.
نەتەوەی یەکگرتووەکان ئاشکرایکردووە، ئەو ئامارە دوو هێندەی ئەو ژمارەیەیە کە لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2022دا تۆمارکراوە، بەوهۆیەوە رێکخراوی یونسێف داوایکردووە رێگای سەلامەت و دەستراگەیشتن بە منداڵان بۆ بەدەستهێنانی پارێزگاری لە ئەوروپا دەستەبەربکرێت.
ڤێرینا کناوس بەڕێوەبەری کۆچ و ئاوارەیی رێکخراوی یونسێف دەڵێت، ئەگەری زۆرە ژمارەی راستەقینەی مردنی منداڵان لەو رێگەیەدا زۆر زیاتربێت، چونکە زۆرێک لەو کەشتی وبەلەمانەی نوقمدەبن قوربانییەکانیان نادۆزرێنەوە و تۆمارناکرێن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا، مەزەندە دەکرێت 11 هەزار و 600 منداڵ پەڕیونەتەوە بۆ ئەوروپا و لەو ژمارەیە سێ هەزار و 300 منداڵیان بەبێ هیچ هاوەڵ و کەسوکارێک پەڕیونەتەوە و تۆمارکراون.