بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵی هەرێم رایگەیاند، كێڵگەی كشتوكاڵی جووتیاری نموونەیی شێخ جەماڵی گرپچنە وەك یەكەمین كێڵگەی پەسەند كراو لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە لایەن زانكۆی ڤاخنینگی هۆڵەندییەوە دیاریكرا.
راشیگەیاند، دوابەدوای ئەنجامی زنجیرەی كاری هاوبەشی نێوان تیمێكی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لەگەڵ تیمێكی هۆڵەندی بە سەرۆكایەتیی خاتوو ماریانا دێبەرناردینی لێكۆڵەر لە تۆڕی نێودەوڵەتی(Lighthouse Farms)ی نێودەوڵەتی سەر بە زانكۆی ڤاخنینگ و زۆر خۆشحاڵبووم بە هەواڵی دەستنیشانكردنی كێڵگەكانی جووتیاری نموونەیی برای بەڕێزمان شێخ (جەمالی گرپچنە) وەك یەكەم كێڵگەی هەڵبژێردراوی پەسەندكراو لەسەر ئاستی خۆرهەڵاتی ناوەراست و سیانزەمین كێڵگە لەسەر ئاستی جیهان، لە چوارچێوەی چالاكی و بەرنامەكانی پەرەپێدانی تۆری نێودەوڵەتی (لایت هاوس فارمینگ)ی سەر بەزانكۆی ڤاخنینگ وەك یەكەم زانكۆ لەسەر ئاستی هۆڵەندا بۆ توێژینەوە كشتوكاڵیەكان، كە لە لایەن رێكخراوی (IOM) ی نێودەوڵەتی رێكخراوە، بە هەماهەنگی تیمێكی بە ئەزموونی بەرێوەبەرایەتیی گشتیی كشتوكاڵی سلێمانی و بەشی توێژینەوە و رێنمایی كشتوكاڵی سلێمانی.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، ئەم بەرەو پێشچوونەی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوە ژێرخانەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردانەكەی تیمێكی بە ئەزموونی وەزارەت كە لەماوەی ساڵی رابردوو بەسەرۆكایەتیی راوێژكار رزگار حەمەد خدر بۆ زانكۆی ڤاخنینگ لە هۆڵەندا ئەنجامدراوە كە سوپاسەوە توانیان بە شێوەیەكی سەركەوتووانە هەرێمی كوردستان بێنە نێو پڕۆگرامی جیهانی(لایت هاوس فارمینگ) بەهەماهەنگی تیمێكی بەرێوەبەرایەتیی گشتی كشتوكاڵیی سلێمانی.