مێسی: هەرگیز لەو باوەڕەدا نەبووم

مێسی بە تۆمارکردنی گۆڵ بەرانبەر بەلەد وەلید، ڕیکۆردی پیلێی ئەفسانەی بەرازیلی شکاند

لیۆ مێسی، ئەفسانەی زیندووی یانەی بەرشلۆنە دوای شکاندنی ڕیکۆردی پیلێ وەک باشترین گۆڵکار بە درێسی یەک یانەوە، ڕایدەگەیاند، کە هەرگیز لەو باوەڕەدا نەبووە بتوانێت ڕیکۆردێکی هاوشێوە تۆماربکات.

شەوی ڕابردوو بە تۆمارکردنی گۆڵێک بەرانبەر یانەی ڕیاڵ بەلەد وەلید، “پوڵگا” ژمارەی گۆڵەکانی بە درێسی یانەی بەرشلۆنەوە گەیاندە (644)، بەم ڕێژەیەشەوە ڕیکۆردی ئیدسۆن ئارانتێس دی ناشیمێنتۆی ئەفسانەی ناسراو بە “پیلێ”ی شکاند، کە لە نێوان ساڵانی 1956 بۆ 1974 توانیبووی بەدرێسی یانەی سانتۆسەوە (643) گۆڵ تۆماربکات.

لە ئێستادا مێسی یەکەمین گۆڵکارە لە مێژووی تۆپی پێ بە درێسی یەک یانەوە، لەم بارەیەشەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک پۆستێکی کردووە و نوسیویەتی، ” چەندین ساڵ لەمەوبەر کە دەستم بە یاریکردن کرد، هەرگیز لەو باوەڕەدا نەبووم ڕیکۆردێکی لەم جۆرە تۆماربکەم، کە پێشتر بەناوی پیلێی ئەفسانەی بەرازیلەوە بووە”.

مێسی لەسەر ئاستی یەک یانە باشترین گۆڵکارە لە مێژووی تۆپی پێ

هەروەها نوسیویەتی، ” دەمەوێت سوپاسی هەموو ئەوانە بکەم کە لەم گەشتە دوورودرێژەدا یاریدەدەرم بوون، هاوڕێکانم لە یانەی بەرشلۆنە، خێزانەکەم، هاوڕێیان و هەموو هەوادارانم، سوپاس بۆ هەمووان”.

مێسی خاوەنی شەش خەڵاتی باڵۆندۆرە وەک باشترین یاریزانی جیهان، لەم وەرزەشدا لە سەرجەم خول و پاڵەوانێتیەکان 18 یاری ئەنجامداوە و 10 گۆڵی تۆمارکردووە و پێنج گۆڵی بۆ یاریزانانی دیکەی بەرشلۆنە ڕەخساندووە.

بابەتی پێشتر

یەكەم بەفربارینی ئەمساڵ لە چیای ئەزمەڕ لە سلێمانی

بابەتی دواتر

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم داوای نێوەندگیری لە نەتەوەیەكگرتووەكان دەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share