دووشەممە گەرمترین رۆژ بووە لەسەر رووی زەوی

 ڕۆژی دووشەممە کە هاوکاتبوو لەگەڵ 3ی تەمموز، گەرمترین رۆژی تۆمارکراوبووە لە جیهاندا کە بۆ یەکەمجارە گەیشتووەتە ئەو ئاستە، تێکڕای پلەی گەرمی 17 پلەی سەدی واتە (62.6 پلەی فەهرەنهایت)ی تێپەڕاندووە.

بەپێی پێوانە سەرەتاییەکانی کەشناسیی ئەمریکی کە رۆژی سێشەممە ئەنجامیداوە، تێکڕای ناوەندی پلەی گەرمی لەسەر رووی هەسارەی زەوی لە 3ی تەمموزدا بە پلەی 17.01 پلەی سەدی بووە.

ئەمە لەکاتێکدا ژمارەی پێوانەیی پێشوو (16.92 پلەی سەدی) بووە کە لە 24ی تەمموزی ساڵی رابردوودا تۆمارکرابوو رۆژی دووشەممە هەسارەی زەوی ئەو پلەیەی تێپەڕاند.

تێکڕای پلەی گەرمیی هەوای جیهان لە نێوان نزیکەی 12 پلەی سەدی و کەمتر لە 17 پلەی سەدیدا بووە تاوەکو ئێستا کە لە سەرەتای رۆژەنای مانگی تەمموزەوە دەپێورێت، لە نێوان ساڵانی 1979 و 2000دا تێکڕای ناوەندی پلەی گەرمی 16.2 پلەی سەدی بووە.

بەزۆری تێکڕای ناوەندی پلەی گەرمیی جیهان تا کۆتایی مانگی تەمموز یان سەرەتای مانگی ئاب بەردەوام دەبێت لە بەرزبوونەوە.

پێدەچێت پلەکانی گەرما زیاتر لە تێکڕا مێژووییە تۆمارکراوەکان بەرزببنەوە لە ساڵی داهاتوودا، لەگەڵ دەرکەوتنی دیاردەی کەشوهەوای “ئێل نینۆ” لە زەریای هێمن، کە رێکخراوی کەشناسیی جیهانی پشتڕاستیکردوەتەوە.

جگە لەوەش چالاکییەکانی مرۆڤ، بە پلەی یەکەم سووتاندنی سووتەمەنی بەردینی، بەردەوامە لە دەردانی ساڵانە نزیکەی 40 ملیار تۆن دووەم ئۆکسیدی کاربۆن بۆ بەرگەهەواوە.

بانگەوازێکی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ “پێشبینیکردنی دەرئەنجامەکانی”

رۆژی سێشەممەی رابردوو، نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە حکومەتەکان کرد کە پێشبینیی دەرئەنجامەکانی دیاردەی کەشوهەوای “ئێل نینۆ” بکەن کە تازە دەستی پێکردووە، کە پەیوەندیی بە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی جیهانەوە هەیە، بە مەبەستی رزگارکردنی گیانی خەڵک و بەردەوامییان لە ژیان.

رێکخراوی کەشناسیی جیهانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەدا کە ئێلنینۆ بە درێژایی ساڵ بەردەوام دەبێت بە چڕییەک کە پێدەچێت “لانی کەم مامناوەند” بێت، رێکخراوەکە سەرەتای دەستپێکردنی دیاردەکەی راگەیاند کە بە ئەگەری %90 تا ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو بەردەوام دەبێت.

رۆژی 8ی حوزەیران، ئیدارەی نیشتمانی ئۆقیانووس و بەرگەهەوای ئەمریکا هاتنی دیاردەی ئێلنینۆی راگەیاند.

کاریگەریی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بەزۆری دوای ساڵێک لە پەرەسەندنی دیاردەکە دەردەکەوێت و هەر بۆیە پێدەچێت لە ساڵی 2024دا زیاتر کاریگەرییەکانی دەربکەوێت.

پێتێری تالاس، بەڕێوەبەری دەزگای کەشناسی و کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان لە رایگەیاندووە، “هاتنی ئێلنینۆ ئەگەری شکاندنی ژمارەی پێوانەیی پلەی گەرما زۆر زیاد دەکات و دەبێتە هۆی دروستبوونی بارودۆخی زۆر گەرمتر لە زۆر شوێنی جیهان و لە زەریاکاندا”.

ناوبراو دەڵێت، راگەیاندنی ئێلنینۆ لەلایەن رێکخراوی کەشناسیی جیهانییەوە ئاماژەیەکە بۆ حکومەتەکانی جیهان بۆ ئەوەی خۆیان ئامادە بکەن بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی لەسەر تەندروستی و ئیکۆسیستەم و ئابووریمان.

لەمبارەیەوە جەختی لە گرنگی سیستەمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە و رێوشوێنی پێویست کردەوە بۆ پێشبینیکردنی رووداوە توندەکانی کەشوهەوا پەیوەست بەم دیاردە گەورەیەی کەشوهەوا بۆ “رزگارکردنی ژیان و مانەوە”.

هەروەها ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی نیگەرانی خۆی دەربڕیوە.

رێکخراوەکە بە تایبەتی نیگەرانە لە زیادبوونی نەخۆشییە پەیوەندیدارەکانی ئاو، وەک کۆلێرا، جگە لە پەتاکانی مێشوولە، وەک مەلاریا و تای خوێنبەربوون، هەروەها نەخۆشییە گواستراوەکانی وەک سورێژە و هەوکردنی پەردەی مێشک، بە وتەی بەڕێوەبەری بەرپرس لە تەندروستی گشتی و ژینگە لە رێکخراوەکەدا، ماریا نێیرا.

لە ساڵی 2018 – 2019 هەندێک ناوچە هاتنی ئێلنینۆیان راگەیاند، لەو کاتەدا بە لاواز دادەنرا.

دوایین ئەڵقەی دیاردەی ئێلنینۆ دەگەڕێتەوە بۆ حەوت ساڵ، واتە ساڵی 2015 بۆ 2016 و بەگوێرەی کەشناسی جیهانی زۆر سەخت بووە.

دوایین جار کە لە ساڵی 2018 – 2019 روویدا، بووەهۆی ئەڵقەیەکی درێژخایەنی نزیکەی سێ ساڵ لە دیاردەی ئێلنینا، کە کاریگەریی نەرێنی لێدەکەوێتەوە، دیارترینیان دابەزینی پلەی گەرمایە.

ئێلنینۆ دیاردەیەکی کەشوهەوایە کە دوو بۆ حەوت ساڵ جارێک روودەدات و بەزۆری لە 9 بۆ 12 مانگ دەخایەنێت، هەروەها پەیوەندی بە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی ڕووی زەریاکانەوە هەیە لە ناوەڕاست و رۆژهەڵاتی زەریای هێمن.

بەڵام ئەڵقەی ئێستا “لە چوارچێوەی کەشوهەوایەکدا دێت کە بەهۆی چالاکییەکانی مرۆڤەوە گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە”، بەپێی رێکخراوی کەشناسی جیهانی.

لە مانگی ئایاری ساڵی رابردوودا، رێکخراوی کەشناسیی جیهانی هۆشداریدا لەوەی کە ماوەی نێوان ساڵانی 2023 – 2027 بە دڵنیاییەوە گەرمترین ماوەی تۆمارکراو دەبێت لەسەر زەوی، بە لەبەرچاوگرتنی کاریگەرییە یەکگرتووەکانی دیاردەی ئێلنینۆ و گەرمبوونی جیهان کە بەهۆی دەردانی گازە ژەهراوییەکانەوە دروست دەبێت.

رێکخراوەکە مەزەندە دەکات کە ئەگەری لەسەدا 66 هەیە کە ناوەندی پلەی گەرمی ساڵانەی جیهان 1.5 پلەی سەدی لە سەرووی ئاستی پێش پیشەسازییەوە بێت لەماوەی نێوان ساڵانی 2023 – 2027.

کریس هیویت، بەڕێوەبەری خزمەتگوزارییەکانی کەشوهەوا لە رێکخراوی کەشناسیی جیهانی روونیکردەوە، “ئەمە بەو مانایە نییە کە لە پێنج ساڵی داهاتوودا پلەی گەرمی 1.5 پلەی سەدی تێپەڕێنین کە لە رێککەوتنی کەشوهەوای پاریسدا دیاری کراوە، چونکە ئەم رێککەوتنە ئاماژەیە بۆ درێژخایەنی گەرمبوونی کەشوهەوا بۆ چەندین ساڵ”.

بەگشتی ئێلنینۆ پەیوەندی بە زیادبوونی بارانبارینەوە هەیە لە بەشێک لە باشووری ئەمریکای لاتین، باشووری ئەمریکا، قۆڕنی ئەفریقا و ئاسیای ناوەڕاست، دەتوانن ببنە هۆی وشکەساڵی توند لە ئوسترالیا و ئەندەنوسیا و هەندێک ناوچەی باشووری ئاسیا و ئەمریکای ناوەڕاست.

بابەتی پێشتر

سودانی ژمارەیەک بەرپرسی ئەمنی لە پۆستەکانیان دوورخستەوە

بابەتی دواتر

جێرارد یان فێرمینۆ؟ مانێ لە سعوودیەوە داواکراوە..

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

کەشناسی: پلەکانی گەرما بەرزدەبنەوە

بڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەینێی بڵاوکردەوە، بەپێی پێشبینییەکان پلەکانی گەرما بەراورد بە…
Total
0
Share