وەزیری پەروەردەی هەرێم رایدەگەیەنێت، زیاتر لە 15 هەزار مامۆستا و فەرمانبەر هەلی كاریان لە كەرتی خوێندنی ناحكومی بۆ رەخسێندراوە.
ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێم رایگەیاند، هەموو ناوەندێکی خوێندنی ناحکومی دەبێت رێژەی مامۆستایانی هەمیشەیی (واتا ئەو مامۆستایانەی کە میلاکی خۆیانن و دانەمەزراون) لە 80% کەمتر نەبێت و، بە رێژەی 20% مافیان هەیە لە کۆی گشتیی مامۆستاکانیان ( ستافی وانەوتنەوە) لە مامۆستایانی میلاکی حکومی بن.
وتیشی، “لەم بابەتەدا وەزارەتی پەروەردە زۆر بە وردی کاریکردوە کە یاسا وەک خۆی جێبەجێ بکات، ساڵی خوێندنی 2022-2023 ژمارەی سەرپێچیکارانی ناوەندی خوێندنی ناحکومی 22 ناوەند بوون کە سزای ماددی لە 10 ملیۆن دینار تا 70 ملیۆن دینار و، سزای کارگێریی پێویست گیراوەتەبەر بەرامبەریان بە گوێرەی رێژەی سەرپێچییەکەیان”.
ئالان حەمەسەعید ئەوەشی وت، “دەمەوێت بە هەمووان رابگەیەنم لە رێگەی جێبەجێکردنی یاساوە، رێگە لەوە گیراوە کەرتی خوێندنی حکومی فەرامۆش بکرێت و لە هەمان کاتدا دەرفەتی هەلی کاری زیاتر رەخسێندراوە”.
روونیشیدەكاتەوە، ئەوانەی دەرچووی دانەمەزراون لە کەرتی خوێندنی ناحکومی و دەرفەتی کارکردنیان بۆ رەخساوە وەک مامۆستا و فەرمانبەر ژمارەیان بریتیە لە 15 هەزار و 664 مامۆستا و فەرمانبەر لە کۆی گشتیی 16 هەزار و 349 مامۆستا و فەرمانبەر لە کەرتی خوێندنی ناحکومی.