بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ خوێندكاران: هیچ داهاتوویەكی گەش بەبێ ئێوە نایەتەدی

سەرۆكی یەكێتی پیرۆزبایی دەرچوون لە خوێندكارانی 12ی ئامادەیی دەكات و رایدەگەیەنێت، ئێوە گەورەترین سەرمایەی ئەم میللەتەن و هیچ داهاتوویەكی گەش بەبێ ئێوە نایەتەدی.

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەیامێكدا رایگەیاند، ‎لە قووڵایی دڵمەوە پیرۆزبایی لە هەموو ئەو خوێندكارە خۆشەویستانە دەكەم كە قۆناغی 12ی ئامادەییان بە سەركەوتویی بڕی و هەنگاوێكی دیكە لە گەیشتن بە ئامانجەكانیان نزیكبوونەوە. سڵاو و خۆشەویستیش بۆ هەموو خوێندكارە یەكەمەكان دەنێرم و دەستی ماندووبوونیان دەگووشم.

بافڵ جەلال تاڵەبانی وتیشی، “سەركەوتن تەنیا یەك رێگەی نییە و هەموو ئەو خوێندكارانەی بەهەر هۆكارێك نەیانتوانیووە ئەم هەنگاوە بە سەركەوتوویی تێپەڕێنن، دڵنیابن دەرفەتی زۆرترتان لە بەردەمدایە و بە هەوڵدانی زیاتر لە بەدیهێنانی خەونەكانتان نزیك دەبنەوە”.

سەبارەت بە مامۆستایانیش سەرۆكی یەكێتی ئەوەی خستەڕوو، بێگومان رۆڵ و پێگەی مامۆستایانیش لەیادناكەین كە لە هەموو قۆناغە جیاوازەكاندا لە خەمی پەروەردە و فێركردنی نەوەیەكی پڕ وزە و داهێنەردا بوون، سوپاسیان دەكەین و بەڕێزەوە لە هەوڵەكانیان دەڕوانین.

لە كۆتایی پەیامەكەشدا هاتووە، هەمیشە پاڵپشتی خوێندكاران و بەرەوپێشچوونی كەرتی پەروەردە بووین و هەرواش دەمێنینەوە، لەرابردوودا لە نزیكەوە لەگەڵتانبووم و لە داهاتووشدا زیاتر خزمەتتان دەكەین. ئێوە گەورەترین سەرمایەی ئەم میللەتەن و هیچ داهاتوویەكی گەش بەبێ ئێوە نایەتەدی.

بابەتی پێشتر

لێرەوە ئەنجامی تاقیكردنەوەكانی 12ی ئامادەیی وەربگرە

بابەتی دواتر

وەزیری پەروەردە: زیاتر لە 15 هەزار كەس هەلی كاریان لە كەرتی خوێندنی ناحكومی بۆ رەخسێندراوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share