ئەمشەو پڕترین مانگی تابان لە هەرێمی کوردستان دەردەکەوێت
دوو هێندەی مانگی تابانی ئاسایی گەورەتر و پڕتر دەبێت

ئەمشەو مانگی تابانی تەواو پڕ لە هەرێمی کوردستان دەردەکەوێت، بەپێی زانستی گەردوونناسی ئەمشەو مانگی تابان پڕتر و گەورەتر دەردەکەوێت لە مانگی تابانی ساڵانی پێشوو، هەروەها رووناکی و پرشنگدارییەکەی دوو هێندەی رووناکیی مانگی چواردەی ئاسایی دەبێت.

مانگی چواردەی ئەمشەو سەرەڕای ئەوەی پڕ و گەورە دەبێت لە نزیکترین خاڵیشدا دەبێت لە هەسارەی زەوییەوە، لوقمان حەوێز شارەزای بواری فیزیا و زانستی گەردوونی دەڵێت، ئەمشەو مانگ بە رێژەی 30% نزیکتر دەبێت لە ساڵانی پێشوو بۆیە گەورەتر دەردەکەوێت لەلای ئێمە لەسەر زەوی، پرشنگ و رووناکییەکەشی ئەمشەو دوو هێندەی رووناکیی مانگی چواردە دەبێت لە دۆخێکی ئاساییدا.

مانگی تابان یان super.moon چییە و چۆن و بۆچی روودەدات؟

مانگی تابان ئەو کاتە روودەدات کە مانگ لە نزیکترین خاڵ و شوێندایە لەگەڵ هەسارەی زەوی و لەهەمان کاتیشدا پڕ و درەوشاوەیە لەسەر هەسارەی زەوی، دیاردەکە ساڵانە لە هەموو سوڕێکی مانگدا بەدەوری زەویدا جارێک دەکەوێتە نزیکترین خاڵ لەگەڵ زەوی، بەڵام ئەگەر لەکاتی نزیکبوونەوەکە مانگ چواردە و پڕ بوو بۆ دیدی ئێمە ئەوا دەبێته مانگی تابان واتە  super.moon، ئەمشەو ئەو دیاردەیە لە هەرێمی کوردستان روودەدات.

لەبەرئەوە ئەمشەو دوای هەڵاتنی مانگ لە کوردستان و گەلێک شوێنی تری جیهان، مانگ بە رێژەی %30 گەورەتر دەردەکەوێت، پرشنگ و رووناکیەکەشی دوو هێندەی رووناکیی مانگی چواردە دەبێت لە دۆخێکی ئاساییدا.

دیاردەی مانگی تابان بۆچی و چۆن ڕوودەدات؟

دەبێت بزانین خولگەی مانگ بە دەوری هەسارەی زەوی هێلکەییە و بازنەیی نیە، تێکڕای دووریی مانگ لە زەوی 384,000 کیلۆمەترە، لە نزیکترین خاڵدا دوورییەکەی لەگەڵ زەوی دەبێتە 362,600 کیلۆمەتر، کاتێکیش لە خولگەکەی لە دورترین خاڵدایە لە زەوی دووریەکەی دەبێتە 405,400 کیلۆمەتر، ئەمشەو مانگ دەگاتە نزیکترین خاڵ لە خولگەکەی بە دەوری هەسارەی زەوی، بۆیە ئەشەو ئەم دیاردەیە روودەدات.

مانگی چواردە لە کاتە ئاساییەکان بڕێک ڕووناکی دەدات کە دەگاتە نزیکەی 0.16 لوکس، لوکس Lux یەکەی پێوانەی رووناکییە، لەکاتی نزیکبوونەوەی مانگ بۆ کەمترین دووری لە زەوی بڕی رووناکیەکەی یان پرشنگی دەگاتە 0.3 لوکس، واتە پرشنگ و رووناکیی مانگی تابانی ئەمشەو دوو هێندەی پرشنگی مانگی چواردە دەبێت له دۆخێکی ئاساییدا، بۆ بەراوردیش لە رۆژدا خۆر پرشنگ و رووناکی لە نێوان 32 هەزار بۆ 100 هەزار لوکسدایە.

بابەتی پێشتر

کەشناسیی هەرێم: پلەکانی گەرما بەردەوام دەبن لە بەرزبوونەوە

بابەتی دواتر

سلێمانی.. بەهۆی کارکردن بە کەسانی خوار 18 ساڵ کافتریایەک داخرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share