نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە پەیامێكی بڵاوكردەوە و دەڵێت، “با هەموومان پەیام و ماناكانی جەژن لە گەردن ئازادیی و پێكهاتنەوە و ئاشتەوایی، بكەینە دەرفەتێكی تازەی نوێكردنەوەی پەیوەندیمان و لاپەڕەیەكی نوێ لەگەڵ یەكتردا بكەینەوە.”
دەقی پەیامەكەی نێچیرڤان بارزانی:-
بە گەرمی جەژنی قوربان لە تەواوی موسڵمانان لە كوردستان، عێراق و جیهان پیرۆز دەكەم. هیوادارم هەمووان جەژن و پشوویەكی خۆش و ئارام و ئاسوودە بەسەر بەرن.
با هەموومان پەیام و ماناكانی جەژن لە گەردن ئازادی و پێكهاتنەوە و ئاشتەوایی، بكەینە دەرفەتێكی تازەی نوێكردنەوەی پەیوەندیمان و لاپەڕەیەكی تازە لەگەڵ یەكتردا بكەینەوە.
گەلی كوردستان لە هەموو شتێك زیاتر چاوەڕوانیی ئەوەی لە هێز و لایەنە سیاسییەكان هەیە جەژن بكەنە دەرفەتی یەكڕیزیی و تەبایی و پێكەوەیی، تا هەموومان پێكەوە بتوانین بەرەو داهاتوویەكی باشتر هەنگاو بنێین، با هەموو لایەك بەپیر ئەو چاوەڕوانییەوە بچین و جەژنی هەمووتان پیرۆز بێت، هەموو ساڵێك بە خۆشی.