وەزارەتی نەوتی عێراق رایدەگەیەنێت، كۆی داهاتی هەناردەی نەوت لە مانگی ئایاری رابردوودا حەوت ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.
وەزارەتەكە لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد، بەپێی ئاماری كۆتایی كە لەلایەن كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) تایبەت بە هەناردە و داهاتی نەوت بۆ مانگی ئایار دەرچووە، بڕی هەناردەی نەوتی خاو 102 ملیۆن و 463 هەزار و 387 بەرمیل بووە بە داهاتی حەوت ملیار و 324 ملیۆن و 641 هەزار دۆلار.
كۆی هەناردەی نەوتی ئەو مانگە لە كێڵگە نەوتییەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق 102 ملیۆن و 206 هەزار و 413 بەرمیل بووە، ئەو بڕەش كە لە ئەمبارەكانەوە رەوانەی ئوردون كراوە 256 هەزار و 974 بەرمیل بووە.
بەپێی راگەیەندراوەكە ناوەندی نرخ 71.485 دۆلار بووە بۆ هەر بەرمیلێك.
نەوتە هەناردەكراوەكە لەلایەن 39 كۆمپانیای جیهانیی رەگەزنامە جیاواز لە بەندەرەكانی بەسڕە، خور، عەوامات و جەیهان-ەوە گوازراونەتەوە، وەك ئەوەی وەزارەتی نەوت ئاماژەی پێداوە.