توێژینەوەکان: ئێمە کۆتا نەوە دەبین کە دارستانەکانی ئەمازۆن دەبینین

توێژینەوەیەکی نوێ هۆشداری دەدات، کە رەنگە زووتر لەوەی پێشتر بیری لێدەکرایەوە، داڕمانی ئیکۆسیستەمی زەوی دەستپێبکات، لە کاتێکدا زانایان پێشبینی نەمانی دارستانی ئەمازۆن دەکەن و پێیانوایە نەوەی ئێستای مرۆڤ دوایین نەوە دەبێت کە بیبینێت.

بەپێی رۆژنامەی گاردیان، توێژینەوەکە دەریخستووە کە زیاتر لە یەک لەسەر پێنجی ئیکۆسیستەمەکانی جیهان، لەنێویاندا دارستانە باراناوییەکانی ئەمازۆن، مەترسیی لەناوچوونیان لەسەرە لە ماوەی ژیانی ئەم نەوەیەی مرۆڤایەتیدا.

پرۆفیسۆر سیمۆن ویلکۆک، لە سەنتەری توێژینەوەی رۆتامستێد کە سەرکردایەتیی توێژینەوەکە دەکات دەڵێت، “دەکرێت لەناوچوونی ئەمازۆن زۆر بە زوویی رووبدات، بە شێوەیەکی واقیعی دەتوانین بڵێین دوا نەوەین ئەمازۆن ببینین”.

توێژینەوەکە دەریخستووە کە تا لەسەدا 15ی تێکچوونی ژینگە لە ئەنجامی فشارە نوێیەکان یان رووداوە گەورە و بەهێزەکان روویانداوە، تەنانەت لەکاتێکدا کە فشاری بنەڕەتی لە ئاستێکی بەردەوامدا دەپارێزرێت.

دەرئەنجامی توێژینەوەکە ئەوە بوو کە تەنانەت ئەگەر بەشێک لە ئیکۆسیستەمەکە بە شێوەیەکی بەردەوام بپارێزرێت و بە رێکوپێکی بەڕێوەبچێت، فشارە نوێیەکانی وەک گەرمبوونی جیهان و گۆڕانی کەشوهەوای توند دەتوانن هاوسەنگییەکە بەرەو داڕمان ببەن.

پانێڵی نێوان حکومەتەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا کە بەرزترین دەزگای راوێژکاری زانستییە لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە نوێترین راپۆرتیدا رایگەیاندووە، ئەگەری وەرچەرخانی گەورە لە ئەمازۆن تا ساڵی 2100 هەیە.

بەڵام زانایانی دیار لە بەرازیل لەوانە کارلۆس نۆبرێ هۆشدارییان داوە کە ئەگەری هەیە وێرانبوونی ئەمازۆن زۆر زووتر بێتەئاراوە، ئەمەش هاوتەریبە لەگەڵ دەرئەنجامەکانی توێژینەوە نوێیەکە.

لە مانگی ئازاری ساڵی رابردوودا رێژەی دارستانبڕین لە ئەمازۆنی بەرازیل زیادی کرد، دوای ئەوەی ئامێری چاودێریکردنی مانگی دەستکردی پەیمانگای نیشتمانی بۆ توێژینەوەی بۆشایی ئاسمان ئاشکرایکرد کە لە ماوەی مانگێکدا 356 کیلۆمەتر چوارگۆشە رووپۆشی دارستانەکان لە بەشی بەڕازیلی گەورەترین دارستانی باراناوی جیهان لەناوچوون.

زۆربەی توێژینەوەکانی پێشووتر لەسەر یەک هۆکاری لەناوچوون بوون، وەک گۆڕانی کەشوهەوا یان دارستانبڕین، بەڵام کاتێک لەگەڵ هەڕەشەکانی دیکەدا تێکەڵ دەکرێت، وەک فشاری ئاو و تێکچوون و پیسبوونی رووبارەکان بەهۆی کانەکانەوە، لەناوچوونەکە زۆر خێراترە.

 

بابەتی پێشتر

بەخێوکەرانی ماسی: نرخی یەک کیلۆ ماسی دەگاتە 15 هەزار دینار

بابەتی دواتر

دەزگای لوتکە: ژمارەیەک پەنابەر بەزۆر و بێ رەزامەندی لە نەرویجەوە گەڕێنراونەتەوە هەرێمی کوردستان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share