خاچی سوور: مەترسییەكی گەورەتر لە كۆرۆنا هەڕەشە لە زەوی دەكات

خاچی سوور دەڵێت، گۆڕانی ئاووهەوا مەترسیدارترە لە كۆرۆنا

یەكێتی نێودەوڵەتی كۆمەڵەكانی خاچ و مانگی سوور داوای جوڵەی بەپەلە دەكات بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی دیاردەی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، هۆشداریشدەدات لە كارەساتێكی گەورەتر لە كۆرۆنای نوێ.

یەكێتییەكە ئەمڕۆ سێشەممە 17ی تشرینی دووەم لە ڕاپۆرتێكیدا دەربارەی كارەساتەكانی جیهان لە شەستەكانەوە ئاماژە بەوەدەكات كە گۆڕانی ئاووهەوا بەردەوامە لە خستنەوەی قوربانییان.

ڕێكخراوەكە، كە بارەگا سەرەكییەكەی لە جنێف-ە، ئەوەی خستەڕوو كە زیاتر لە 100 كارەسات ڕویداوە دوای ئەوەی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی پەتای كۆرۆنای نوێی ئاشكراكرد ئەمەش لەماوەی نێوان ئازار تا تشرینی یەكەمی ڕابردوو، كە بەرۆكی زیاتر لە 50 ملیۆن كەسی گرتووە.

جاگان شاباگان، ئەمینداری گشتی ڕێكخراوەكە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنوسیدا وتی، “بەدڵنیاییەوە، كۆڤید لێرەیە، خێزانەكانمان توشدەكات، هاوڕێكانمان، كەسوكارمان (…) گرفتێكی زۆر مەترسیدارە كە ئێستا ڕوبەڕووی جیهان بووەتەوە”.

بەڵام “گۆڕانی ئاووهەوا بەبڕوای ئێمە كاریگەری گەورەتری دەبێت لە مەودای مامناوەند و دوردا بەسەر ژیانی مرۆڤایەتی و زەویدا” زیاتر لە كۆڤید 19 كە تائێستا بووەتەهۆی گیان لەدەستدانی 1.3 ملیۆن كەس لە كۆتایی ساڵی 2019ەوە، وەك ئەوەی ئەمیندارەكە دەیڵێت.

جەختی لەسەر ئەوەش كردەوە، ئەگەر بەخت یاوەرمان بێت لە ساڵی داهاتوودا ڤاكسینی دژ بە كۆرۆنامان دەبێت ئەگەر كاروبارەكان بە باشی بڕوات بەڕێوە، “بەڵام بەداخەوە ڤاكسینێك دژ بە گۆڕانی ئاووهەوا لەئارادانییە”.

بەوتەی ئەمینداری ڕێكخراوەكە پێویستمان بە جوڵە و وەبەرهێنانی زیاتر و بەردەوامە بۆ پاراستنی ژیانی ڕاستەقینەی مرۆڤایەتی لەسەر زەوی.

یەكێتی نێودەوڵەتی كۆمەڵەكانی خاچ و مانگی سوور ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد كە ڕیتمی گۆڕانی دیاردەكانی ئاووهەوا بەشێوەیەكی گەورە ڕوو لە زیادبوونن وەك زیادبوونی باهۆز و شەپۆلەكانی گەرما و زیادبوونی بارانی بەخور و ڕوداوە سروشتییەكانی دیكە.

بە تەنها لە ساڵی 2019دا 308 كارەساتی دەرئەنجامی مەترسییە سروشتییەكان ڕویداوە و، بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی 24 هەزار و 400 كەس لە جیهاندا، كە 77%یان كارەساتی كەشوهەوا و ئاووهەوایە.

ژمارەی كارەساتەكانی ژینگە و كەشوهەوا لە شەستەكانی زیادیكردووە و لە حەفتاكاندا بە نزیكەی 35% زیادبووە.

بە تەنها لە 10 ساڵی ڕابردووشدا كارەساتە سروشتییەكان بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی زیاتر لە 410 هەزار كەس، كە زۆرینەیان لە وڵاتانی هەژار و كەمدەستدا بووە.

بابەتی پێشتر

لەسەر پابەندنەبوون 10 كارمەندی هاتوچۆی هەڵەبجە زیندانی دەكرێن

بابەتی دواتر

دوایین زانیاری لەبارەی سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغداد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share