ئاژانسی رۆیتەرز باس لە گفتوگۆكانی عێراق-توركیا لەبارەی سەرلەنوێ هەناردەكردنی نەوتی هەرێم لەڕێی بەندەری جەیهان دەكات و دەڵێت، هەناردەكردنەوە پێویستی بە گفتوگۆی درێژتر و لەسەر ئاستی سیاسیی باڵا هەیە.
ئاژانسەكە لە زاری بەرپرسان لە كەرتی نەوتی عێراق رایگەیاند، شاندێكی هونەری توركیا ئەمڕۆ لە بەغداد چاوی بە بەرپرسانی وەزارەتی نەوت كەوتووە بۆ تاوتوێكردنی سەرلەنوێ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم.
لە زاری بەرپرسێكی نزیك لە گفتوگۆكانەوە كە داوایكردووە ناوی بڵاونەكرێتەوە دەڵێت، “تاوتوێی سەرجەم لایەنە هونەرییەكانی پەیوەست بە سەرلەنوێ هەناردەی نەوت دەكەین، بەڵام بڕیاری ناردنی نەوت ئەمڕۆ روونادات، پێویستە كۆبوونەوەی زیاتر ئەنجامبدەین”.
بەرپرسێكی دیكەی بوارەكە وتوویەتی، توركیا ئامادەیە بۆ دانوستان لەبارەی بڕی قەرەبووەكەی سەر شانی، سەرەڕای هەوڵدان بۆ روونكردنەوەی پرسەكانی پەیوەست بە پرسە كراوەكانی دیكەی دادگا.
بەپێی وتەی بەرپرسەكە، “بڕیاری سەرلەنوێ هەناردەكردنەوەی نەوت پێویستی بە وتووێژە لەسەر ئاستی سیاسیی باڵا، چونكە ئەوانەی رێگرن لەبەردەم سەرلەنوێ هەناردەكردنەوە، سیاسین زیاتر لەوەی هونەری بن”.
هەوڵەكانی بەگەڕخستنەوەی هێلی گواستنەوەی نەوت مانگی رابردوو بەهۆی هەڵبژاردنەكانی توركیا و، گفتوگۆكانی نێوان كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوت (سۆمۆ) و حكومەتی هەرێم دواكەوت.
هیواكان لەبارەی هەناردەكردنەوە زیادیانكرد كاتێك رەجەب تەیب ئەردۆغان-ی سەرۆكی توركیا لە 3ی ئەم مانگە ئەلب ئەرسەلان بەیرەقدار-ی بە وەزیری وزە لە حكومەتە نوێیەكەی دەستنیشانكرد، وەك ئەوەی رۆیتەرز ئاماژەی پێداوە.