لەسەر دۆسیەی زەوییە كشتوكاڵییەكانی كەركوك داوایەك لە دادگای فیدراڵی تۆماركرا

دوو پەرلەمانتاری كورد لەسەر دۆسیەی كێشەی زەوییە كشتوكاڵییەكانی كەركوك داوایەكی یاسایی لە دادگای باڵای فیدراڵی تۆماردەكەن.

دیلان غەفور، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی رایگەیاند، ئەمڕۆ بە یاوەری پەرلەمانتار یوسف محەمەد سادق داوایەكی یاساییان لە دادگای فیدراڵی لەبارەی دۆسیەی كێشەی زەوییە كشتوكاڵییەكانی پارێزگای كەركوك تۆماركرد، كە چەندین ساڵە جوتیارانی كورد پێوەی دەناڵێنن.

وتیشی، “هەموو لایەك دڵنیادەكەینەوە دۆسیەكەمان بەهێزە و داكۆكی تەواو لە مافی جوتیاران دەكەین”.

ئەو پەرلەمانتارە روونیشیكردەوە، تۆماركردنی داواكە دوای چەند مانگێك لێكۆڵینەوەی وردیان بووە تیایدا.

نزیکەی سێ هەفتەیە، جوتیارانی کورد و تورکمان لە سنووری تۆپزاوە، دژی داگیرکردنی زەوییەکانیان مانیانگرتووە کە لە سەردەمی رژێمی بەعسدا بە بڕیاری لیژنەی کاروباری باکوور و ئەنجومەنی سەرکردایەتی بەناو شۆڕشی حزبی بەعس زیاتر لە 135 هەزار دۆنم زەوی جوتیارانی کورد و تورکمان لە سنووری کەرکوک لە جوتیارانی کورد و تورکمان وەرگیراوە و درا بە عەرەبی هاوردە.

لەكاتێكی پێشتری ئەمڕۆدا نووسراوێکی لیژنەی جێبەجێکردنی ماددەی 140 کە واژووی هادی عامری سەرۆکی لیژنەکەی لەسەرە بڵاوبووەوە و تیایدا داوا لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق کراوە، کار بە بڕیاری ژمارەی 29ی ساڵی 2012ی ئەنجومەنی وەزیران بکرێت.

بەپێی نووسراوەکە، ”تەواوی بڕیارەکانی لیژنەی کاروباری باکوور سەبارەت بە زەوییە کشتوکاڵییەکان هەڵوەشاونەتەوە، گرێبەستە کشتوکاڵییەکانی کەرکوک لەگەڵ عەرەبە هاوردەکان بە هەڵوەشاوە ئەژماردەکرێت کە بە بڕیاری بەعس پێیاندراوە”.

بابەتی پێشتر

بڕیارێکی نوێ لەبارەی پاڵپشتی دارایی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکان درا

بابەتی دواتر

سێ كەس بە تۆمەتی دروستكردنی دۆلار و دیناری ساختە دەستگیركران

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share