بەهۆی بڵاوبوونەوەی جۆرە نوێیەكەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق حەوت بڕیاری دەكرد كە لەنێویاندا گەشتی ئاسمانی بۆ ژمارەیەك وڵات ڕاگرت و سەرجەم دەروازە سنوورییەكانی داخست جگە لە داخستنی چێشتخانە و مۆڵەكان.
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە 22ی كانونی یەكەم كۆبووەوە و تیایدا جەختیكردەوە لەسەر چڕكردنەوەی هەوڵەكان و گرتنەبەری سەرجەم ڕێوشوینەكان بۆ پاراستنی هاوڵاتییان و پارێزگاری لە تەندروستییان، ئەمەش دوای دەركەوتنی جۆرێكی نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا كە لە ژمارەیەك لە وڵاتانی جیهاندا بڵاوبووەتەوە و مایەی “مەترسییە”.
بەپێی ڕاگەیەنراوێكی كۆبوونەوەكە لەپێناو ڕوبەڕوبوونەوەی ئەم جۆرە نوێیەی ڤایرۆسەكە، كە بەخێرایی گواستنەوە و بڵاوبوونەوە جیادەكرێتەوە و بۆ خۆپاراستن لە بڵاوبوونەوەی لە وڵاتدا، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری لەسەر زنجیرەیەك ڕێوشوێنی خۆپارێزی داوە.
بڕیارەكان بریتین لە، هاندانی هاوڵاتیان بۆ پۆشینی كەمامە و جێبەجێكردنی ڕێوشوێنەكانی دوركەوتنەوە، قەدەغەی گەشتكردن بۆ وڵاتانی (بەریتانیا، باشووری ئەفریقا، ئوسترالیا، دانیمارك، هۆڵەندا، بەلجیكا، ئێران، ژاپۆن و هەر وڵاتێكی دیكە كە لە ئایندەدا وەزارەتی تەندروستی دیاریدەكات) و لە ڕێگری لە هاتن لەو وڵاتانەوە جگە لە عێراقییەكان.
بەپێی بڕیارێكی دیكە سەرجەم شوێنە كۆمەڵایەتییەكان (چێشتخانە و مۆڵ و شوێنەكانی دیكە) لە 24ی ئەم مانگەوە بۆ ماوەی دوو هەفتە دادەخرێن، هەروەها سەرجەم دەروازە سنوورییە وشكانییەكان دادەخرێن تەنها بۆ حاڵەتی لەناكاو نەبێت.
جۆرە نوێیەكە لە عێراق دەركەوتووە؟
لەكاتێكی پێشتری ئەمڕۆدا وائیل حەتاحت، سەرۆكی تیمی فریاگوزاری لە ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی وتی، “تائێستا جۆرە نوێیەكەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە عێراق دەرنەكەوتووە، بەڵام ئەگەری هەیە لە داهاتوودا دەركەوێت و بڵاوببێتەوە”.
ئەوەشی خستەڕوو، “ئەو جۆر یان نەوە نوێیەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە بەریتانیا دەركەوتووە، هەمان شێوەی كۆرۆنایە بەڵام تۆزێك گۆڕاوە”.
ئاماژەی بەوەشكرد، “ئەوەی تائێستا لەبارەی ڤایرۆسە نوێیەكەوە دەزانرێت ڕوون نییە، بەڵام بە ڕێژەی 70% زیاتر لە جۆرەكەی پێشوو لەنێو مرۆڤەكاندا دەگوازرێتەوە، تا ئێستاش توێژینەوەكان ئەوەیان دەرنەخستووە كە مەترسیدارتر بێت، بەڵام لەڕووی بڵاوبوونەوەوە زۆر خێرایە”.
پاش ئەوەی بەشێوەیەكی خێرا جۆرە نوییەكەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە بەریتانیا بڵاوبووەوە و وەزیری تەندروستیی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند، بارودۆخەكە لە دەستیان دەرچووە، ژمارەیەك لە وڵاتانی ئەوروپا و جیهان گەشتەكانیان لەگەڵ ئەو وڵاتە ڕاگرت.